نێچیرڤان بارزانی پشتگیری له دامهزراندنی جڤاتی ئێزدییان دهكات

دهۆک-KDP.info-سەرۆکوەزیرانی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) تەواوی پشتگیریی خۆی بۆ دامەزراندنی جڤاتی ئێزدییان دەربڕی و هەموو پشتگیرییەكی بۆ سازدانی كۆنگرەی دامەزراندنی جڤاتەكە دووپات كردەوە. ههروهها ڕایگەیاند كە دامەزراندنی جڤاتی ئێزدییان هەنگاوێكی زۆر كردەییە بۆ پاراستنی تایبەتمەندیی ئایینی و كولتووریی ئێزدییەكان.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ههینی ٥-٦-٢٠١٥ لە دهۆك، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدییان بە سەرۆكایەتیی حازم میر تەحسین بهگ، جێگری میری ئێزدییان كرد.
لە دیدارەكەدا كە بابەشێخ گەورەپیاوی ئایینی و ژمارەیەك لە پیاوانی ئایینیی ئێزدی و نوێنەرانی ماڵی ئێزدییان لە ئەڵمانیا ئامادە بوون، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بەم دیدارە نیشان دا و سوپاسی سەرۆكوەزیران و پارێزگاری دهۆك و دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان لە سنووری پارێزگای دهۆك كرد، بۆ ئەو كۆمەك و هاوكارییانەی كە هەر لە ڕۆژی یەكەمەوە پێشكەش بە ئاوارە ئێزدییەكانیان كردووە و دەیكەن.
شاندەكە هەروەها بە ناوی خۆیان و تەواوی ئێزدییانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەوە، سوپاس و ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ خەڵكی ناوچەی بادینان بەگشتی و دهۆك و زاخۆ بەتایبەتی دەربڕی، كە زۆر بە دڵگەرمییەوە پێشوازییان لە ئاوارە ئێزدییەكان كردووە و بە هەموو شێوەیەك هاوكارییان كردوون.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، شاندەكە داوای پشتگیرییان لە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد بۆ دامەزراندنی جڤاتی ئێزدییان كە داواكاریی تەواوی پێكهاتەكانی ئێزدییانە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بۆ ئەوەی لەگەڵ میر و جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدییان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كاروباری ئێزدییەكان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەڕێوە ببات، بۆ ئەو مەبەستەش كۆنگرەیەكی دامەزراندن دهبهستن كە تیایدا نوێنەرانی ئێزدییان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەشداری دەكەن.
لای خۆیەوە، (نێچیرڤان بارزانی) تەواوی پشتگیریی خۆی بۆ دامەزراندنی جڤاتی ئێزدییان دەربڕی و هەموو پشتگیرییەكی بۆ سازدانی كۆنگرەی دامەزراندنی جڤاتەكە دووپات كردەوە. ههروهها ڕایگەیاند كە دامەزراندنی جڤاتی ئێزدییان هەنگاوێكی زۆر كردەییە بۆ پاراستنی تایبەتمەندیی ئایینی و كولتووریی ئێزدییەكان. هەروەها ڕوونی كردەوە كە هیچ كەسێك ناتوانێت ناسنامەی نەتەوەییی ئێزدییەكان كە كوردن، بخاتە ژێر پرسیارەوە و ئاماژەی بەوە دا كە ئێزدییهكان لە مێژوودا باجێكی زۆر گەورەیان داوە بۆ پاراستنی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی و تایبەتمەندیی ئایینیی خۆیان.
سەرۆكوەزیران دووپاتی كردەوە كە تەواوی پشتگیری لە پاراستنی تایبەتمەندیی ئایینیی ئێزدییەكان دەكات و پاراستنی ئەو تایبەتمەندییە ئایینییەی بە ئەرك زانی. جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەوەی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە دەرهەق بە ئێزدییەكان كرا، هیچی لە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و ئەنفالەكان كەمتر نییە.




