٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی، ١١ ساڵەی دەرچوونی گۆڤاری (الصوت الآخر) پیرۆز دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی (11)مین ساڵەی دەرچوونی گۆڤاری  (الصوت الآخر) رایدەگەیەنیت "پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوەو نووسەران و خوێنەرانتان دەكەین؛ كۆشش و ئەرك و كارەكانتان دیاروبەرچاوە و شایانی رێزوسوپاسن بۆ ئەو بەخشش و خزمەتە راستەقینەی پێشكەش بە رۆژنامەگەریی كوردی دەكەن".


دەقی پەیامەکە:
-هەڤاڵی بەڕێز (سەعید یەحیا)، سەرنووسەری گۆڤاری (الصوت الآخر)
- هەڤاڵان، سكرتێری نووسین و تێكڕای ئەندامانی ستافی نووسین وهونەریی لە گۆڤاری (الصوت الآخر)
  بەبۆنەی (11)هەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی گۆڤاری (الصوت الآخر)ـەوە، پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوەو نووسەران و خوێنەرانتان دەكەین، كۆشش وئەرك و كارەكانتان دیاروبەرچاوە و شایانی رێزوسوپاسن بۆ ئەو بەخشش و خزمەتە راستەقینەی پێشكەیش بە رۆژنامەگەریی كوردی دەكەن.
   هەفتەنامەی  (الصوت الآخر) هەنگاوێكی گرینگ و پێویست بوو بۆ رەوتی رۆژنامەگەریی كوردیی بەگشتیی و كاروانی رۆژنامەگەریی پارتیمان بە تایبەتی، كە توانی لەو ماوەیەی تەمەنی كاركردن و دەرچوونیدا بە زمانی عەرەبی  برەو بە كلتوور و رۆشنبیریی نەتەوەییمان بدات و شوناس و ئەو دیفاكتۆیەی ئێستا بۆ خوێنەرانی روون و شیبكاتەوە، بەمەش كەلێنێكی دیاری نێو كاروپرۆسەی رۆژنامەگەریی و كوولتووری پڕكردەوە.
هیواخوازین لەو بۆنەیەدا گۆڤارەكەتان زیاتر بەرەوپێش بچێ و لەرووی چەندایەتی و چۆنیەتیەوە دەوڵەمەندتر بكرێ بۆ خزمەتكردنی كلتوور و گوتاری رۆشنبیریی كوردی و پتەوكردنی پردی پەیوەندی برایەتی و دۆستایەتی لەگەڵ پێكهاتە جیاجیاكانی عێراق لەپێناو بنبڕكردن و كۆتایی پێهێنان بە رەوتی توندڕۆیی و شەڕ و دوژمنكاریی تیرۆریستان و بونیاتنانی دوارۆژێكی ئاسوودە و بەختەوەر و هاوبەش بۆ هەموولایەك  لەسەر بنەمای لیكتێگەیشتن و دیالۆگ بە شێوازێكی شارستانیانە لە عێراقێكی فیدراڵیی و دیموكراسی دا.
هەڤاڵان: كاروئەركی ئێوە لەو گۆڤارەدا بایەخێكی تایبەتی خۆی هەیە بەو پێیەی بە زمانی عەرەبی دەردەچێت، بۆیە گرینگە واقیع و راست و رەوایی كێشە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانمان و رەوشی هەنووكەیی هەرێم  بە خوێنەرانی بناسێنێ و ببێت بە مینبەری راستەقینەی دەنگ و رەنگی گەلی كوردستان.  
    جارێكی دیكە پیرۆزبایی لە ئێوەو لە خوێنەرانتان دەكەین و هیوای بەردەوامی و سەركەوتنتان بۆ دەخوازین.

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتیی دیموكراتی كوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار