٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جێگری سەرۆكی پارتی ڕۆڵی كادیرانی حزبی لە دهۆك بەرز دەنرخێنێت

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info-جێگری سەرۆكی پارتیی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند كە دەزگا حزبییەكان دەبێت هاوكار و یارمەتیدەری حكوومەت بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی دەزگا حكوومییەكانی سنووری پارێزگای دهۆك بن كە لە دۆخی ئێستادا ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران ڕوویان تێكردووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4/6/2015 (نێچیرڤان بارزانی) جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆك لەگەڵ بەرپرس و كارگێڕان و ئەندامانی لقی یەكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا ڕەوشی ناوچەكە و ڕۆڵی ئەندامان و كادیرانی حزب لە شەڕی دژی تیرۆر باسكرا و تیشك خرایە سەر ئەوەی كە رێكخستنەكانی پارتی لە یەكەم ڕۆژی دەستپێكردنی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشەوە تا ئێستا بەردەوام هاوشانی پێشمەرگە وەك خۆبەخش و پشتیوان لە بەرەكانی جەنگ و لە كەرتە جیاجیاكانی پێشمەرگایەتیدا، پشتگیرییان لە پێشمەرگە كردووە و ڕۆڵێكی بەرچاویان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستاندا گێڕاوە.

لەلای خۆیەوە (نێچیرڤان بارزانی) سوپاسی ڕۆڵی ئەندامان و كادیرانی حزبی كرد كە لە ڕۆژی تەنگانە و پێویستدا وەك پێشمەرگە ڕۆڵێكی دیاریان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بینیوە و هەروەها دووپاتی كردەوە كە كادیران و ئەندامان و رێكخستنە حزبییەكان ڕۆڵێكی بەرچاویان لە هاندانی كۆمەڵگە بۆ بەرگەگرتن بەرامبەر ڕەوشە سەختەكان و بەرزكردنەوەی گیانی بەرگری لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا گێڕاوە و ئەم ڕۆڵەی ڕێكخستنە حزبییەكانی پڕ بایەخ و بە مایەی پێزانین و سوپاس لە قەڵەم دا.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا  جێگری سەرۆكی پارتی داكۆكی لەوە كردەوە كە دەزگا حزبییەكان دەبێت هاوكار و یارمەتیدەری حكوومەت بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی دەزگا حكوومییەكانی سنووری پارێزگای دهۆك بن كە لە دۆخی ئێستادا ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران ڕوویان تێكردووە. دووبارە سوپاسی خەڵكی سنووری ناوچەكەی كرد كە مامەڵەیەكی زۆر مرۆییانەیان لەگەڵ ئاوارە و پەنابەراندا كردووە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار