8هەزار خێزانی ئەنباری هاتوونەتە هەرێم

هەولێر-KDP.info-بەرپرسی نووسینگەی كۆچوكۆچبەرانی هەرێمی كوردستان دەڵێت، زیاتر لە 2ملیۆنو200هەزار ئاوارە لە هەرێمی كوردستان هەن، تەنیا لە دوای كەوتنی پارێزگای ئەنبار زیاتر لە 8هەزار خێزانی خەڵکی ئەو شارە و شوێنەكانی دیكە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و، وا لە بەرێکەوە هەر دێن.
(شاكر یاسین) بەرپرسی نووسینگەی كۆچوكۆچبەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوت: "لەسەر هاتنی ئاوارە ئەنبارییەکان بۆ هەرێمی كوردستان، بەسترپێرێ لەگەڵ وەزارەتی كۆچوكۆچبەرانی عێراق و نووسینگەی كۆمسیاری باڵای پەنابەران لە هەولێر كۆ بووینەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە ژمارەی ئاوارەكان و هاوكاریكردنی ئاوارەكان كرا، كە بە داخەوە تا ئێستا حكوومەتی عێراق كەمتەرخەم بووە لە هاوكاریكردنی ئاوارەكان و وەك پێویست هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی نەكردووە، ئەمە لە كاتێكدایە كە ڕۆژانە ئاوارەی عێراقی ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، ئێمە و ئاوارەكانیش خەممان لێ نیشتووە."
گوتیشی: "سەرەڕای باری ئەو هەموو ئاوارەیە و ئەو قەیرانە داراییەکەی هەرێمی كوردستان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچی لە ئاوارەكان دریغ نەكردووە و، نەیهێشتووە هەست بە كەموكورتی بكەن، بە دەیان كەمپی لە شار و شارۆچكەكان بنیات نراون و حكوومەت و دامەزراوەكان لە نزیكەوە چاودێری ئەو ئاوارانە دەكەن."
(شاكر) ئاماژەی بەوەش كرد، دوای كەوتنی پارێزگای ئەنبار و چەند ناوچەیەكی دیكە لەو 4 ڕۆژەدا زیاتر لە 8هەزار خێزانی دیكە ڕوویان کردووە لە هەرێم؛ زۆربەیان لە رێگەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان. هەتا دێ زیاتریش دەبن. زیاتر لە 2ملیۆنو200هەزار ئاوارە لە هەرێمی كوردستاندا گیرساونەتەوە؛ لە دووهەزار شوێن و ناوچەی كوردستاندا نیشتەجێ کراون، ئەوەیش بووەتە بارێکی گران بە سەر حكوومەتی هەرێمەوە.
ڕابین شێروانی




