٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەریتانیا واز لە پشتیوانیکردنی هەرێم ناهێنێت

سەرچاوە: KDP.info

بەریتانیا-KDP.info-وەزیری بەریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەختی کردەوە کە، وڵاتەکەی لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و، گوتیشی بەریتانیا پێی خۆشە بەینی لەگەڵ هەرێمدا خۆشتر بکا؛ هەروەها ستاییشی قارەمانێتی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد لە شکاندنی تیرۆریستانی داعشدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3/6/2015 (فەلاح مستەفا)، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ (تۆبایەس ئێلوود) وەزیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا کۆ بووەوە، بە مەبەستی ناساندنی نوێنەری تازەی حکوومەتی هەرێم لەو وڵاتە و، تاوتوێکردنی بارودۆخی هەنوکەیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوو لا.

لەو دیدارەدا کە  (کاروان جەمال) نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە بەریتانیا و خاتوو (بەیان سامی) نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ئەمەریکایش ئامادەی بوون، جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرایەوە. هاوکات ئاڵوگۆڕی سەردانەکان و بەردەوامی دیدارەکان بە پێویست زانرا.

(تۆبایەس ئێلوود) وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی نوێنەری تازەی حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن. هاوکات جەختی کردەوە کە بەریتانیا لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و ئارەزووی ڵلاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو لا خستە ڕوو.

دواتر بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە تیشکی خستەسەر سەر دوایین بارودۆخی ئاسایش و پەرەسەندنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە. لەم بارەیەوە باسی لە سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش کرد. گووتیشی کە وێڕای قوربانیەکان، بەڵام هێزی پێشمەرگە وەک پێویست هاوکاری و پشتیوانی ناکرێن. بۆیە بە پێویستی زانی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هاوکاری زیاتر پێشکەشی پێشمەرگە بکات؛ بە تایبەتی کە ئەم هێزە لە جیاتی جیهانی ئازاد شەڕی تیرۆرستانی داعش دەکات. هاوکات گوتی لەگەڵ ئەو هەموو قوربانیدانەشدا کە هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە پێناوی پاراستنی پرەنسیپی دیموکراسی و بەها مرۆییەکان دەیدات، کەچی بۆ کۆنفرانسە جیهانییەکانی تایبەت بەو پرسە بانگهێشت ناکرێ وەک ئەوەی کە لە پاریس ڕووی دا؛ لەم ڕووەشەوە بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە نیگەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو.

سەبارەت بە پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە گوتی کە هەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەندی دوایین ڕێکەوتنی نێوان هەولێرو بەغدا لە بارەی هەناردە کردنی نەوت و بودجە بووە بەپێی یاسای بودجە، بەڵام بەغدا تا ئێستا ئامادە نەبووە مافە داراییەکانی هەرێم بەپێی ئەو ڕێکەوتنە بدات. ئێستاش حکوومەتی هەرێم بەهۆی بڕینی بودجەکەی لەلایەن بەغدا لە سەرەتای ساڵی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا تووشی قەیرانێکی دارایی زۆر بووە، بۆیە هیوای خواست ئەم گرفتە زووتر چارەسەر ببێت و تێگەیشتنی هاوبەش بۆ ئەم مەبەستە بدۆزرێتەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە بارودۆخی مرۆیی و پێداویستی پەناهەندە و ئاوارەکانی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان کرا. بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە گووتی وێڕای قەیرانی دارایی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی هەوڵەکانی خۆشی خستۆتەگەڕ بۆ هاوکاری کردن و دابینکردنی پێداویستییەکانیان، بەڵام بەهۆی لێشاوی بەردەوامی ئاوارەکانەوە، بە تایبەتی دوای ڕوودای ڕومادی، فشارەکە زیاتر بووە و پێشبینی زیاتربوونی ژمارەی ئاوارەکان دەکرێت، بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەڵەتی بەشێوەیەکی جدی تر بێنە سەر خەت و هاوکاری و پاڵپشتی هەرێمی کوردستان بکەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە مرۆییەدا، بە تایبەتی کە بەغدا لەم پرسەدا هەنگاوی پێویست نانێت.

(تۆبایەس ئێلوود) ستاییشی قارەمانێتی هێزەکانی پێشمەرگەی لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و شکتپێبردنی تیرۆریستان  کرد و گوتی بەهۆی پێشمەرگەوە ئێستا مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان دوور خراوەتەوە.

لەبارەی پرسی مرۆیی و ئاوارە و پەناهەندەکانیشەوە، سوپاس و ستایشی خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ دابینکردنی شوێنێکی ئارام بۆیان و هەروەها هاوکاریکردنیان. گوتیشی لە کێشەو گرفتەکانی هەرێمی کوردستان تێدەگەن و بۆ ئەو مەبەستە لە هەوڵەکانیان بۆ چارەکردنی کێشەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبن.

 

هەواڵی پەیوەندیدار