نوێنەری تازەی هەرێم لە بەریتانیا دەستبەکار بوو

بەریتانیا-KDP.info-(کاروان جەمال) کە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم بوو، ئیستا وەک نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا دەستبەکار بوو.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 3/6/2015 بە ئامادەبوونی فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەیان سامی نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ئەمەریکا و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی پێشکەوتوو لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، (کاروان جەمال) وەک نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی بەریتانیا دەستبەکار بوو.
لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی نوێنەرە تازەکەی حکوومەت لە بەرتانیادا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاس و دەستخۆشی لە کارمەندانی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە بەریتانیا کرد بۆ ئەو کار و چالاکیانەی کردوویانە، بە تایبەت لەو چەند مانگەی دواییدا.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاسی خاتوو بەیان سامی نوێنەری پێشووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا کرد بۆ ئامادەبوونیان لە مەراسیمەکە و هەروەها بۆ کاروهەوڵەکانیان لە ماوەی ڕابردوو لە دروستکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کە بایەخ و گرنگی خۆی بۆ هەرێم هەیە. هاوکات پشتیوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دووپات کردووە بۆ سەرکەوتن لە کارەکەیان وەک نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ئەمریکا.
وێڕای پیرۆزبایی لە نوێنەری تازەی حکوومەتی هەرێم لە بەریتانیا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە گوتی: "کاروان جەمال لەو شەش ساڵەدا هاوکارێکی باش بووە وەک جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کە وەک یەک تیم لە فەرمانگە پێکەوە کارمان کردووەو ئێستا ئەزموونێکی باشی کارکردنی هەیە. هاوکات جەختی لە بەردەوامی پاڵپشتیکردنی تەواوی ناوبراو لە کارە تازەکەیدا کردەوە، وێڕای ئومێدی سەرکەوتن، گەشبینی خۆشی لە تواناکانی بەڕێزیان بۆ بەشداری لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا لە هەموو بوارێکدا و بایەخدانی زیاتر بە ڕەوەندی کوردستانی. ئەمەش وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر کارکردن لە نوێنەرایەتییەکان و هەروەها لەگەڵ فەرمانگە وەک یەک تیم بۆ کاری هاوبەش و خزمەتی کوردستان.
بەیان سامی وێڕای پیرۆزبایی لە نوێنەری تازەی حکوومەت لە بەریتانیا، دووپاتی کردەوە کە لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکان و پێشخستنی پەیوەندییەکاندا یارمەتییان دەدات. سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەیشی کرد کە لەو ماوەیەدا لە بەڕێوەبردنی کاروباری نوێنەرایەتیدا یارمەتییان داون. هەروەها سوپاسی کارمەندانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش کرد لە بەریتانیا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.
پاشان کاروان جەمال نوێنەری تازەی حکوومەتی هەرێم لە بەریتانیا سوپاسی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کرد بە تایبەتی ئەو بەینەی لە فەرمانگەدا پێکەوە کاریان کردووە پشتیوانیان بووە لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکاندا. هەروەها دەستخۆشی لە نوێنەری پێشووی حکوومەت لە بەریتانیا کرد بۆ کار و هەوڵەکانیان لە پێناوی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتێکی گرنگی وەک بەریتانیا. هاوکات جەختی کردەوە کە لە کار و هەوڵەکانیان بە پشتیوانی هاوکاران لە نوێنەرایەتی و لە فەرمانگە بەردەوام دەبن بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان.




