UN داوای نیو ملیار دۆلار بۆ ئاوارەکانی عێراق دەکات

ئەمەریکا-KDP.info-بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (دەیلیمەیل)، نەتەوە یەکگرتوەکان بە فەرمی داوای (نیو) ملیار دۆلار خێری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی عێراق کە نەهامەتی لێی داون.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (دەیلیمەیل) ڕێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق (لیز گراندی) لە (بڕۆکسل) ئەو داواکارییەی ڕاگەیاندووە و، گوتی باری نەتەوە یەکگرتوەکان زۆر قورسە و، ئەگەر وڵاتان بە پەلە کۆمەک نەنێرن، ئەوا نیوە زیاتری چالاکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق پەکی دەکەوێ.
لە داواکارییەکەدا داوای بەپەلە بەخشینی بڕی (٤٩٧) ملیۆن دۆلار کراوە بۆ دەستەبەرکردنی بەشی شەش مانگ خواردن و، ئاو بۆ ئاوارەکان.
گراندی گوتی ئەوەی لە عیراق قەوماوە، لە وێنەی نییە. شیاوی گوتنە، بەهۆی پێکدادانەکان و، هەڕەشە و، مەترسیەکان و، شەڕی داعشەوە نزیکەی (٥،٦) ملیۆن کەس ئاوارە بوونە و ڕایانکردووەتە ناوچەکانی تری عێراق، بە تایبەت هەرێمی کوردستان.
هەروەها نەتەوە یەکگرتوەکان بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە دۆخی ئاوارەکان نالەبارە و، ئەوانیش کێشەی داراییان هەیە دەرەقەتی قەیرانەکە نایەن؛ ئەگەر کار وا بڕوات ئەوا زۆربەی چالاکیەکانیان پەکی دەکەوێت و، بێجگە لەوەی خۆراک و ئاوی ئەو گشتە ئاوارەیانە پێ دابین ناکرێ، ناچارن نزیکەی (٧٧) نۆرینگەیەکیش دابخەن.
و: خالید ئەحمەد




