نێچیرڤان بارزانی لە پێداویستییەكانی دهۆك دەكۆڵێتەوە

دهۆک-KDP.info-سەرۆکوەزیرانی کوردستان، لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی پاریزگای دهۆکدا رایگەیاند کە، پێكەوە كاركردنی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك، مەرجێكی سەرەكی سەركەوتنی كاروبارەكانیانە و هەموو لایەكی هان دا لەسەر پێكەوە كاركردن وەك تیمێك بۆ خزمەتی پارێزگاكە بەردەوام بن.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4/6/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا كە ڕەنگدانەوەی مۆزاییكی كۆمەڵایەتیی سنووری پارێزگای دهۆكن و لە هەموو نەتەوە و ئایینەكان و تەواوی لایەنە سیاسییەكان پێكدێ، پوختەیەكیان دەربارەی كێشە و گیروگرفت و پێداویستییەكانی پارێزگای دهۆك لە هەموو بوارەكانی خزمەتگوزاریدا پێشكەیش كرد بە تایبەتی رۆشنایان خستە سەر ئەوەی كە شەڕی دژی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی داعش بارقورسییەكی زۆری خستووەتە سەر سنووری پارێزگای دهۆك هەم لە ڕووی زۆری ژمارەی شەهید و بریندارانی شەڕی دژی تیرۆر و هەمیش لە ڕووی زۆری ژمارەی ئاوارە و پەنابەران كە ڕوویان لە سنووری پارێزگاكە كردووە، بۆ یە داوایان كرد حكوومەتی هەرێمی كوردستان بایەخی زیاتر بە پارێزگاكە بدات و هەوڵ بدات پێداویستییەكانی دابین بكات.
پاشان هەریەكە لە سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەن چەندین ڕا و سەرنج و تێبینییان دەربارەی كێشەكان و چۆنییەتی چارەسەركردنیان و پێداویستییەكانی سنووری پارێزگاكە لە هەموو ڕووێكەوە پێشكەش كرد.
لای خۆیەوە (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆكی كرد كە بەرچاو ڕوونییەكی باشیان لە سەر بارودۆخی پارێزگاكە و كێشەو گرفتەكان و پێداویستییەكانی پارێزگای دهۆكیان لە هەموو ڕووێكەوە خستە ڕوو و تیشكی خستە سەر ئەوەی كە وەزارەتەكان و لایەنە پەیوەندارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دابینكردنی پێداویستییەكانی پارێزگای دهۆك بە تایبەتی ئەوانەی كە پەیوەندییان بە چۆنییەتی مامەڵەكردن و دابینكردنی پێداویستییەكانی ئاوارە و پەنابەرانەوە هەیە.
هەروەها سوپاسی خۆی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ خەڵكی ناوچەكە دووپات كردەوە كە هەر لە سەرەتای ئاوارەبوونی خەڵكی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی عێراق لە ئەنجامی تیرۆر و لە كاتی هاتنی پەنابەرانی سووریاش بۆ سنووری پارێزگای دهۆك، بە دڵگەرمی و دڵفراوانی پێشوازیان لە ئاوارە و پەنابەران كردووە و هەموو هاوكارییەكیان پێشكەش كردوون. دووپاتیشی كردەوە كە ئەم هەڵوێستەی دهۆك و خەڵكی سنوورەكە بە گشتی بە شانازییەوە لە مێژوودا تۆمار دەكرێت و هیوای خواست كە لە سەر هەمان ئەم هەڵوێستە و مامەڵە مرۆڤدۆستییە لەگەڵ ئاوارە و پەنابەراندا بەردەوام بن.
سوپاسێكی تایبەتیشی پێشكەش بە خانەوادەی قوتابیانی سنووری پارێزگای دهۆك كرد كە لە سەرەتای ساڵی خوێندندا بەرگەیان گرت و مناڵەكانیان بۆ ماوەیەكی درێژ لە خوێندن دواكەوتن بەهۆی ئەوەی كە هەموو قوتابخانەكان ببوونە پەناگەی ئاوارە و پەنابەران.
سەرۆكوەزیران هەروەها جەختی لەوە كردەوە پێكەوە كاركردنی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك كە لە هەموو لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان پێكدێت، مەرجێكی سەرەكی سەركەوتنی كاروبارەكانیانە و هەموو لایەكی هان دا كە لەسەر پێكەوە كاركردن وەك تیمێك بۆ خزمەتی پارێزگاكە بەردەوام بن. جەختیشی لەوە كردەوە كە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی حكومەتی خۆجێیی دهۆك دامەزرێت و هەموو لایەنە بەشدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری تێدا بكەن.
دووبارە دەستخۆشی لە كاری پێكەوەیی ستافی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك كرد و هەروەها سوپاسی بەڕێز پارێزگاری دهۆك و دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە سنووری پارێزگاكە كرد بە تایبەتی كە لە كەیسی ئاوارە و پەنابەراندا لە ڕۆژی یەكەمەوە تا ئێستا خزمەتێكی گەورە پێشكەش دەكەن.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا لە وەڵامی پرسیارەكانی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆكدا دەربارەی دۆسیەی نەوت لەگەڵ بەغدا، سەرۆكوەزیران دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە خوازیارە هەموو كێشەكانی بواری نەوت لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتنەوە چارە بكات و جەختی لەوە كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە تەواوی پابەندی ڕێككەوتنی لەگەڵ بەغدایە و بەردەوام دەبێت و هیوا خوازە عێراقیش بە هەمان شێوە پابەندی رێككەوتنەكە بێت و شاییستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی ڕێككەوتنەكە كە بۆتە بەشێك لە یاسای بودجەی گشتی عێراق بنێرێت، بەڵام ئەگەر عێراق هەر پابەندی ڕێككەوتنەكە نەبوو و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی وەك پێویست نەنارد، ئەوكات حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ناچاری بیر لە ڕێگەچارەیەكی دیكە دەكاتەوە.




