دۆخی عێراق بەرەو ناهەمواریی زیاتر دەڕوات.. دەبێ لایەنی ئەمنی ڕوونكردنەوە بدات

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بە كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران دەدات بە هۆی تێكچوونی بارودۆخی عێراق، شكستی سوپاكەی لەبەرەكان و مەترسیی زۆربوونی ژمارەی ئاوارەكان. ڕوونیشی داكاتەوە كە، دەبێت سەرجەم لایەنەكان لە مەترسییەكانی ئێستای عێراق ئاگادار بكرێنەوە كە بەداخەوە ئەنجوومەنی نوێنەرانیش خەریكە لەم دۆخەدا ڕۆڵی كارا نابینێت.
(ئیسلام حوسێن عیسا) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لیژنەی ئاساییش و بەرگری سەرقاڵی بەدواداچوونە بۆ چۆنیەتیی شكستی سوپای عێراق و كەوتنی چەند شارێكی گەورەی عێراق بەدەستی داعش، بۆیە دەبێت لایەنی ئەمنی لە عێراق لەو بارەیەوە ڕوونكردنەوەی پێویست بدات، لیژنەی ئاساییش و بەرگرییش ڕاپۆرتی خۆی دەداتە ئەنجوومەنی نوێنەران".
(ئیسلام عیسا) گوتیشی: "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، مانگی 5 و 6 پشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، بۆیە ئەگەر ڕەوشی عێراق بەم شێوە بەرەو مەترسیی زیاتر بڕوات، داعش پێشڕەوی بكات و ئاوارەی بێشومار ڕوو بكەنە هەرێمی كوردستان، ئەوا داوا لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكرێت كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجام بدرێت و، ئەگەر پێویست بكات (حەیدەر عەبادی)ـیش بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕوونیشی كردەوە: "ڕەوشتی عێراق گەییشتووەتە حاڵەتی گڵۆپی سوور و دەبێت سەرجەم لایەنەكان لە مەترسییەكانی ئێستای عێراق ئاگادار بكرێنەوە كە بەداخەوە ئەنجوومەنی نوێنەرانیش خەریكە لەم دۆخەدا ڕۆڵی كارا نابینێت".
كارزان هەورامی




