بزووتنەوەی ئیسلامی لە بەغدا نیگەرانە.. پێویستە هەرێم بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان، ئاماژە بە كۆبوونەوەیەكی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی هەڵوێستی سەرجەم لایەنەكان لەسەر بەغدا ڕوون ببێتەوە و، دواجار بڕیاری یەكلاكەرەوە بدرێت.
(عەبدوڵڵا وەرتی) گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە هۆی ئەو گۆڕانكارییە سیاسی و ئابووریانەی كە لە عێراق و ناوچەكەدا ڕوو دەدەن، كۆبوونەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت كە تێیدا بڕیاری پێویست و ڕێگەچارەی گونجاو بۆ هەلومەرجەكە دەدۆزرێتەوە".
(وەرتی) گوتیشی: "ئەم كۆبوونەوەیە زۆر گرینگ و پێویستە، چونكە كۆمەڵێك قەیران و گیروگرفتی زۆر ڕوویان لە عێراق و هەرێمی كوردستان كردووە، ئەمەیش كاریگەریی زۆریان دروست كردووە، بە تایبەتی هەڵوێستی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان، بۆیە دەبێت سەرجەم هێزە كوردستانییەكان پێكەوە بەیەك دەنگ و برایانە ڕێگەچارە بۆ پرسەكان بدۆزینەوە".
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان دەشڵێت: "بەرانبەر هەڵوێستی بەغدا زۆر نیگەرانین، چونكە دەبوو پێش هەموو شتێك ئەو قەیرانە و ئەو هەموو ڕێژە زۆرەی ئاوارەی هەرێمی كوردستانی لە بەرچاو بگرتبایە، بۆیە هیچ كاتێك بەغدا پابەند نەبووە بە ڕێككەوتنەكان لەگەڵ كوردستان و بە شێوەیەكی گشتی باش نەبووە، ئەمە جیا لەوەی ساڵ لە دوای ساڵ سیاسەتی گۆڕاو و ناجێگیر پێڕۆ دەكات، لە هەمان كاتیشدا دەبێت هەرێمی كوردستان كات لەگەڵ بەغدا نەكوژێت و بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات".
كارزان هەورامی




