زیاتر لە 385 خێزانی ئاوارەی ئەنبار روویان لە دەڤەری سۆران كردووە

سۆران-KDP.info- بە هۆی داگیركردنی پارێزگای ئەنبار لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، لە مانگی 5ـدا زیاتر لە 385 خێزانی ئەو شارە روویان لە شارۆچكەكانی دەڤەری سۆران كردووە و رۆژانەیش ژمارەیان روو لە بەرزبوونەوەیە.
(عەباس ئەمیر) بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی، سەرەڕای ئەوەی بە دەیان ئاوارەی ناوەڕاست و شار و شارۆچكەكانی عێراق روویان لە دەڤەری سۆران كردووە، لە مانگی رابردوودا زیاتر لە 385 خێزانی ئاوارەی شاری ئەنبار هاتوونەتە سنووری سۆران و هاتنیشیان بەردەوامە.
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، گوتیشی، "ئەو ئاوارانەی ئەنبار و شارەكانی دیكە كە روویان لەسنوورەكەمان كردووە، بەسەر هەر چوار شارۆچكەی سۆران، مێرگەسوور، چۆمان و رواندزدا دابەش كراون، لەبارەی هاوكارییەكانیشەوە لەلایەن حكوومەتی هەرێم و رێكخراوە بیانی و ناوخۆییەكان و بە تایبەت دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە بەردەوامی هاوكارییان پێشكەش بە ئاوارەكان كردووە".
رابین شێروانی




