٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیروان زەهاوی: ئەمڕۆ دەست بە نووسینەوەی دەستوور دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی ئامادەكردنی ڕەشنووسی دەستوور بۆ ڕاپرسی ڕایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ پێنجەم كۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەكردنی دەستووری كوردستان بۆ ڕاپرسی بەڕێوە دەچێ و دەست بە نووسینەوەی دەستوور دەكەن.

سەرۆكی لیژنەی ئامادەكردنی ڕەشنووسی دەستوور بۆ ڕاپرسی  (د. سیروان زەهاوی) بە ‌‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە‌ لیژنەی ئامادەكردنی  ڕەشنووسی دەستووری كوردستان بۆ ڕاپرسی، بۆ جاری پێنجەم كۆ دەبینەوە،‌ لەو بارەیەوە سەرۆكایەتیی لیژنە ئاگاداری گشت لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانمانی كردووە كە ئەندامی لیژنەن هەر یەكێك لەلایەنی خۆیەوە ئەگەر پێی باشە پڕۆژە و پێشنیاز و دیدوبۆچـوونی خـۆی پێشكەش بكات، بە تایبەت لەبارەی دوو پرسەوە، لەوانە دیباجەی پڕۆژەی دەستوور و‌ پڕەنسیپی سەرەكیی سەرەتایەكانی دەستوور".

(زەهاوی) گوتیشی: "‌دەچینە ناو دیباجە و ئەگەر تەواومان كرد ئینجا دەچینە ناو پرەنسیپە سەرەكییەكانەوە، بەمەیش ئەمڕۆ دەست بە نووسینەوەی دەستوور دەكەین و پڕۆژەدەستوورێكی نوێ دەنووسین و ئامادە دەكەین بە سوودوەرگرتن لە پڕۆژەدەستوورە كۆنەكان، هەموو دەستوورەكانی جیهان و تێبینی و تێڕوانین و دیدی هەر ئەندامی لایەن و پێكهاتەیەك لە لیژنە".
سەرۆكی لیژنەی ئامادەكردنی ڕەشنووسی دەستوور بۆ ڕاپرسی زیاتر گوتی : "دەستوور لە كۆمەلێك شت پێك دێت، وەكو دیباجە، پرەنسیپە سەرەكییەكان، ماف و ئازادییەكان، هەر سێ دەسەڵاتەكە، دەسەڵاتە كۆتاییەكان و دەسەڵاتی گواستراوەكان".
نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار