با كەس نەترسێ هێگڵ لە كوردستان نییە

زکری مووسا
بۆ ئاییندەی ئەم وڵاتە، سیاسییەكان و ئەحزاب و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆشنبیر و نووسەر و هەموو هاووڵاتیانی كوردستان، تەنیا یەك ڕێگەیان لەبەردەمە ئەویش گەیاندنی كوردستانە بۆ سەربەخۆیی.
بەدیلی دیكە تەنیا پاشكۆییە بۆ دەوڵەتی عێراق. بۆیە لەبری بەردتێگرتن و تاشینی بڕوبیانوو و موغاڵەتە لە فەلسەفەی سیاسیی و شێواندنی هزری خەڵك لەبارەی دەوڵەت، دەبێ یارمەتیی پڕۆسەكە بدەن و دەوڵەمەندی بكەن.
دژایەتیكردنی دەوڵەت یان بەڕەوانەدیتنی ئەویش لەبەر هۆكاری سیاسی و بەپارتیزانینی پڕۆژەكە، نیشانەی تەسكبینییە. پڕۆسەی سەربەخۆیی بەشێكە لە پڕۆسەی گەشەسەندنی كوردستان. ئەوە ویستی هەموو هاووڵاتییەكە و ئەم وڵاتە بۆ خۆشگوزەرانی و پاراستنی خۆی پێویستیەتی، بۆیە دەبێ قبووڵ بكرێ و یارمەتیی پتەوكردنی بدرێ.
كەس نایەوێ دەوڵەت لەسەر پێوەرەكانی سەدەی حەڤدە و كڵێشەی هێگڵ و ستالین یان هیتلەر، دابمەزرێنێت. كەس بەتەمایش نییە خیلافە و تاڵیبان و سەڵتەنەت دابمەزرێنێت یان لاسایی ئەسەد و قەززافی بكاتەوە. سەربەخۆیی كوردستان لەسەر بنەما ئینسانییەكان و سەردەمیانە دەبێت. بۆ؟ چونكە ویستی گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆیی و كارنامەی لە دەستگرتن بە مافەكانی مرۆڤ و پێكەوەژیان و دژایەتیكردنی تیرۆر و فرەیی هەر هەمووی سەردەمیانەن و جێگەی ستاییشی جیهانن. ئەم دەوڵەتە بۆ ئاشتی دەبێت نەك بۆ جەنگ و زەبروزەنگ و خۆسەپاندن.
گۆڕانی ڕوانگای جیهان بەرانبەر بە مافەكانی گەلی كوردستان، ئەگەر بەشێكی لەبەر گۆڕانی هاوكێشەكان بێت بەشی زۆری بۆ توانا زاتییەكانی گەلی كوردستان دەگەڕێتەوە. كوردستان لەبری جیهان بەهاكان دەپارێزێ و شەڕی تیرۆر دەكات. كوردستان سەرچاوەی هەناردەكردنی توندڕۆیی و تیرۆر نییە وەك دراوسێكانی. كوردستان پەناگەی دوو ملیۆن ئینسانی ئاوارە و لێقەوماوە. كوردستان پابەندی گشت ڕێككەوتنەكانی لەگەڵ بەغدا بووە. لە فرەیی و ئازادیی بیروڕا و گەشەی ئابووری و سكۆلاریزم لە ناوچەكەدا وێنەی كەمە. ئەوانە گشتی بە ئیرادە و دەست و بازووی خەڵكی كوردستان كراوە. ئەم توانستانە واقعێكی نوێی خوڵقاندووە و دنیا ناچار دەكات بەجۆرێكی دی سەیرمان بكات.
دواخستنی سەربەخۆیی لەبەر نەبوونی مووچە و كامڵنەبوونی دیموكراسی و گەندەلی و كەموكوڕییەكان، پتر تێنەگەییشتن و تێكهەڵكردنی مەفهوومەكانە. ئێستا هەرێمی كوردستان هەرچییەك بۆ دیموكراسی و ئابووری بكات ناتوانێ لەوەی ئێستا هەیە كامڵتر بێت، چونكە لەگەڵ بەربەستی سیادەی عێراق تووشی بەركەوتن دێت. بەغدا ناهێڵێ ئابووریمان بەهێزتر بێت و بەردەوامبوونی پاشكۆیەتییش دەمانكاتە قوربانیی ململانێی زلهێزانی ناوچەكە. جگە لەوەیش دیموكراسی خاڵێك نییە كۆتایی هەبێت و بڵێین وا گەییشتنینە دیموكراسی و با دەست بە بنیاتنانی دەوڵەت بكەین، بەڵكو دیموكراسی هێڵێكە بەردەوام لە جووڵەدایە و لە قۆناغی دوای دەوڵەتیش، هەمیشە خۆی نوێ دەكاتەوە. لەوانەیش بترازێ دەوڵەت مانای سەروەری و پەرژین دەدات و، دیموكراسی و ئابووری و كارگێڕی بریتین لە ئیدارەدان و لە هەموو قۆناغێكدا بەر لە دەوڵەت و دوای دەوڵەتیش دەبێ كار بۆ دیموكراسی و كارگێڕی و ئابوورییەكی باش بكەین.
دەوڵەت و سەربەخۆیی، وا دەكات ڕوئیایەكی درێژخایەنمان بۆ هەموو كایەكانی ژیان هەبێت. دەوڵەت دیموكراسی و ئابووری و سیستەم دەپارێزێت بۆ ئەوەی زیاتر گەشە بكات و كامڵتر ببێت. لە هەموویشی گرینگتر ئەوەیە هەتا سەربەخۆ نەبین ناشتوانین خۆمان لە هەڕەشەكان بپارێزین ئەو هەڕەشانەی كە زۆر جیددین و دەیانەوێ لەناومان ببەن.
تەنیا یەك ڕێگەمان لەبەردەمە ئەویش سەربەخۆییە و پرسیاریش ئەوەیە، ئەگەر بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو نەنێین ئەدی چی بكەین؟




