ئەڵمانیا: لە پشتیوانیی هەرێمی كوردستان بەردەام دەبین

بەرلین-KDP.info- لە كۆبوونەوەیەكدا لە نێوان ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی فڕاكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمانی بەرلین و شاندی لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمانی كوردستان، پرسی ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری و شەڕی دژ بە تیرۆریستان و پەیوەندیی نێوان پەرلەمانی كوردستان و ئەڵمانیا، گفتوگۆ كرا.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، كە ئەمڕۆ چوارشەممە لە پەرلەمانی هەرێمی بەرلین لە ئەڵمانیا بەڕێوە چوو، (ئەڤرم سومەر) ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی بەرلین، هیوای خواست ئەم كۆبوونەوەیە سەرەتای پەیوەندییەكی بەهێز بێت لە نێوان هەردوو پەرلەماندا، دواتریش پەرلەمانتارانی فڕاكسیۆنەكانی سۆشیال دیموكرات و پارتیی كریستیان مەسیحی و چەپی ئەڵمانیا، پرسیاریان لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیریی هەرێمی كوردستانەوە كرد.
هاوكات پەرلەمانتارانی بەرلین، سوپاسی ئازایەتیی پێشمەرگەیان كرد لە شەڕی دژ بە تیرۆریستاندا كە سەركەوتنێكی گەورەیان بە دەست هێناوە، ئاماژەیشیان بەوە دا كە ئەوان پشتیوانی حكوومەتی وڵاتەكەیان دەبن لە هاوكاریی سەربازی و مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان، لە رابردوویشدا ئەڵمانیا هاوكاریی گەورەی سەربازی و مرۆیی پێشكەشی هەرێمی كوردستان كردووە و بەردەوامیش دەبێت لەو هاوكاریانە.
دواتر، پەرلەمانتارانی هەرێمی كوردستان، سوپاسی فڕاكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمانی بەرلینیان كرد و داوایان كرد بەدەر لە بواری سەربازی و مرۆیی، لە بواری ڕۆشنبیری و فەرهەنگیدا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن.




