سەرۆكی حكوومەت لە پارێزگای دهۆكە و چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری دەكاتەوە

دهۆك-KDP.info- (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئێستا لە شاری دهۆكە و بڕیار وایە چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لەو شارە و یاریگای نێودەوڵەتی لە شارۆچكەی زاخۆ بكاتەوە.
(خەلیل مەحموود) قایمقامی شارۆچكەی زاخۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "بڕیار وایە ئەمڕۆ ئێوارە (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان یاریگای نێودەوڵەتیی زاخۆ بكاتەوە".
گوتیشی: "ئەو یاریگایە بە بڕی 20 ملیۆن دۆلار دروست كراوە و شوێنی 20 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە، یاریگایەكی جوانە و بە شێوازێكی تازە و مۆدێرن دروست كراوە".
ڕووبەری یاریگاكە پتر لە 44 هەزار مەتر دووجایە، وەك قایمقامی شارۆچكەكە دەڵێ، ئەمە دیاریێكی دیكەی سەرۆكوەزیرانە بۆ خەڵكی زاخۆ، كە مەبەست لێی پەرەدانە بە بواری وەرزش.
هەر لە بایەخپێدانی (نێچیرڤان بارزانی) بە دەڤەرەكە، لە ساڵانی ڕابردوودا، كردنەوەی زانكۆی زاخۆ، دیاریێكی دیكە بوو كە چەند كۆلێژ و بەشەناوخۆییشی دەگرتە خۆ، نەخۆشخانەی گشتیی بێدارێ كە بە سیستمێكی نوێ بۆ زاخۆ و دەوروبەری كرایەوە، هاوكات پڕۆژەی ئاوی زاخۆی كردەوە كە ئەو شارەی لە گرفتی ئاو دوور گرت.
(خەلیل مەحموود) گوتیشی، تونێلی گەلیی زاخۆ لە گوندی تركژا لە سنووری ناحیەی باتێل دەستی پێ كردووە كە لە داهاتوودا دەكرێتەوە و خزمەت بەو دەڤەرە دەكات.
وەک قایمقامی زاخۆ زانیاری دا، لە دووساڵی رابردوودا پڕۆژەگەلێک بۆ خەڵکی زاخۆ و دەورووبەری جێبەجێ کراون، لەوانە پڕۆژەی ئاوی زاخۆ کە 25ملیۆن دۆلاری تێچووە، پڕۆژەی زانکۆ 88ملیار دینار، نەخۆشخانەی گشتیی 200 قەرەوێڵەیی 52 ملیۆن دۆلاری تێچووە، هەروەها سێ پرد کە پڕدی بێدارێ و خانی و بەدرخانن و دووانیان تەواو بوون و یەکێکیشیان لە قۆناخی جێبەجێکردندایە، کە یەکێکیان بە گوژمەی 15 ملیار دینار، هیی دووەم 12 ملیار و دوایینشنیان 7 ملیۆن دۆلاریان بۆ تەرخان کراوە. دروستکردنی پڕۆژەی ئۆڤەرپاسی زاخۆیش بە گوژمەی 31 ملیار دینار لە قۆناخی جێبەجێکردندایە، هاوکات دروستکردنی پارکی گشتیی زاخۆ 104ملیار دیناری تێچووە.
وەک زانراوە پاش تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەیش کە دووچاری هەرێمی کوردستان بووەتەوە، پڕۆژەگەلێکی دی هەر لە زاخۆ و دەڤەرەکە دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەرۆكی یانەی زاخۆیش (عەبدولوەهاب بارزانی)، سوپاسی سەرۆكوەزیرانی كرد بۆ ئەو پڕۆژەیەی كە پێی وایە خزمەتی باش بە بواری وەرزش دەكات و، دەیشڵێت، یاریگایەكە كە بنەماكانی نێودەوڵەتیی تێدان و لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستانیش نموونەییە.
قایمقامی زاخۆ زیاتر دەڵێ: لەو دوو رۆژەی لە دهۆك دەمێنێتەوە، سەرۆكوەزیران بڕیار وایە چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری بكاتەوە و لەگەڵ لایەنەكاندا كۆ ببێتەوە.
هەر لەو یاریگایە و پاش كردنەوەی لە لایەن سەرۆكوەزیرانی هەرێمەوە، یاریێكی دۆستانە لە نێوان یانەی وەرزشیی زاخۆ و هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق ساز دەدرێ.
حەكیم حیكمەت - ڕابین شێروانی




