بەغدا هەر لەسەر بەزمەکەی مالیکی دەڕوا

بەغدا-KDP.info-ئەندامێكی سەركردایەتی حزبی یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێ، پێویستە هەرچی زووە حكوومەتی هەرێم سەربەخۆیی ئابووری ڕابگەیێنێت، چونكە بەغدا وان لە سیاسەتی نانبڕین ناهێنێت و، هیچی تێدا نەهێشتووەتەوە.
(غازی حەسەن) ئەندامی سەركردایەتیی حزبی یەكگرتووی ئیسلامی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "هاتنی ئەو هەموو ئاوارەیە بۆ هەرێمی كوردستان، بووەتە بارێکی گران بۆ هەرێم؛ جا بەو حاڵەیشەوە بەغدا هەر لەسەر بەزمەکەی مالیکی دەڕوا؛ لە ڕێککەوتنەکەی نێوان بەغدا و هەولێردا، حكوومەتی هەرێم ئەرکەکەی سەرشانی خۆی 100% جێبەجێ كردووە، کەچی بەغدا هەر خەریکی کەچەسیاسەتی نانبڕینە! لەوەتی ئەنباریش داگیر کراوە، ئاوارەی دی هورووژمیان هێناوە بۆ کوردستان و، ئەوەندەی دی باری هەرێمیان قورس کردووە."
گوتیشی: "پێویستە كوردستان سەربەخۆیی ئابووری ڕابگەیێنێت، با لەوە زیاتر زیان نەكەین؛ خۆ حكوومەتی عێراق هیچ دەرگایەكی بۆ گفتوگۆ نەهێشتووەتەوە و، كوردستان دەبێ سەربەخۆیی ئابووری ڕابگەیێنێت و ڕاستەوخۆ نەوتی خۆی بفرۆشێت، بۆ ئەوەی ژیانێكی خۆش بۆ هاووڵاتیانی خۆی دابین بكات."
ڕابین شێروانی




