پارتی چەپی ئەڵمانیا: دەمانەوێت پەیوەندیی کولتووری و دیپلۆماتیمان لەگەڵ کوردستان هەبێت

ئەڵمانیا-KDP.info-لە کۆبوونەوەی شاندێکی لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ بەرپرسی دۆسیەی پەنابەران لە پەرلەمانی بەرلین و پارتی چەپی ئەڵمانیا، گفتوگۆ لەسەر پرسی پەیوەندی ڕۆشنبیری و سیاسیی نێوان پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی هەرێمی بەرلین کرا، پەرلەمانتارێکی چەپی ئەڵمانیا دەڵێت لە نزیکەوە چاودێریی بارودۆخی هەرێمی کوردستان دەکەین و دڵمان بە سەرکەوتنەکەتان خۆشە.
ئەم نیوەڕۆیە (٢/٦/٢٠١٥) بە کاتی ئەوروپا، شاندی لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ هاکان تاش، ئەندامی پەرلەمانی بەرلین و بەرپرسی دۆسیەی پەنابەران لە پەرلەمان و پارتی چەپی ئەڵمانیا کۆ بوونەوە.
لەسەرەتی کۆبوونەوەکەدا، ئەو پەرلەمانتارە، باسێکی لەکارو چالاکییەکانی فراکسیۆنی چەپەکان کرد لە پەرلەمانی بەرلین و ئەڵمانیا و گوتی: "لە نزیکەوە چاودێریی ڕوداوەکانی کوردستان و عێراق دەکەین، پاڵەپەستۆ دەخەینە سەر پەرلەمان و حکوومەتی ئەڵمانیا هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات لە ڕووی مرۆیی و شەڕی دژ بە تیرۆریستاندا، چونکە کوردستان، سەرەڕای ئەو شەڕە گەورەیە، بە قەیرانێکی دارایی گەورەدا تێدەپەڕێت."
لەبارەی بۆچوونی فراکسیۆنی چەپەکانیش، لەسەر سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "ئێمە ڕێز لە بڕیاری خەڵکی هەرێمی کوردستان دەگرین، مەیلی خۆیانە چ بڕیارێک دەدەن، هەر بۆیە دەمانەوێت پەیوەندیی کولتووری و دیپلۆماتیکمان لەگەڵ کوردستاندا هەبێت."
پاشان پەرلەمانتارانی کوردستان، سوپاسی وتەکانی ئەو پەرلەمانتارە و فراکسیۆنەکەیان کرد، کە خۆیان بە دۆستێکی نزیکی کورد دەزانن، بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و ڕەوشی ئاوارەکان و پرسی ڕۆشنبیری و سیاسی کوردستانیان خستە ڕوو؛ لە ئاخردا دیارییەکی تایبەتی فۆلکلۆری کوردییان پێشکەش بەو پەرلەمانتارە کرد.




