محەمەد ساڵح: دواکەوتنی کۆبوونەوەی نێوان دیموکرات و پەکەکە باش نییە

ڕۆژھەڵاتی کوردستان-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەکانی حزبی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، بڕیار بوو ئەم حەفتەیە بە ناوبژیوانیی حکوومەتی ھەرێم حزبی دیموکرات و پەکەکە، دیسان کۆ ببنەوە، بەڵام هێشتا دانەنیشتوونە؛ ئاماژەیشی دا دواکەوتنی ئەو کۆبوونەوەیە باش نییە.
بەرپرسی پەیوەندیەکانی حزبی دیموکراتی کوردستان (محەمەد ساڵح) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیار بوو ئەم حەفتەیە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و پەکەکە بۆ بڕینەوەی کێشەکەی نێوانیان بە بەشداری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکەوە دابنیشن، بەڵام هێشتا هیچ دیار نییە."
(محەمەد ساڵح) گوتیشی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەردوو لا وادەی کۆبوونەوەکە دیاری دەکات، بەڵام نازانین بۆ تا ئێستا دیاری نەکراوە؛ کەینێیان دیاری کرد، ئێمە کێشەمان نییە و دێین."
ڕوونیشی کردەوە، هێشتا ھێزی ھەردوو لا لە شوێنی خۆیاندانە؛ دواکەوتنی کۆبوونەوەکەیش باش نییە، نەکا شتێک بقەومێت؛ هەتا زووتر کۆ بننەوە باشترە.
بڵند ئیبراھیم




