ئەنجومەنی ئابووریی هەرێم پشتگیریی بووژانەوەی كارگە حكوومییەكان دەكات

هەولێر-KDP.info-بەسەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی کوردستان ئەنجوومەنی ئابووری هەرێم بڕیاریدا کە، بۆ بووژانەوەی كارگە حكوومییەكان، پڕۆژەیەك لە لایەن وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانییهوه بە هاوكاریی وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی ئابووری، ئامادە بكرێت.
سهرلهبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 2/6/2015 بە سەرۆكایەتیی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکوەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئەنجومەنی ئابووریی كوردستان، ئەنجومەنی ئابووری كۆبوونەوەی ئاساییی خۆی بەست، كه تیایدا چەند بابەتێكی گرینگی پەیوەست بە ئابووریی كوردستان خرانە بەر باس و گفتوگۆ و چەند بڕیاریان لەبارەیهوە درا.
بابەتی یەكەمی كۆبوونەوەكە خستەڕووی چەند پرۆژەیەكی ستراتیژیی بواری كشتوكاڵ بوو كە لە لایەن وەزیرى كشتوكاڵەوە پێشكەش كرا و تیایدا داوای پشتگیریی دارایی له پڕۆژهكان كرا و ئەنجومەن بڕیاری دا ئەو پڕۆژانە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بكرێن و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و ئەنجومەنی ئابووری، سەرچاوەی دارایی بۆ پارەداركردنی ئەو پڕۆژانە بدۆزرێنەوە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی كۆمپانیاكانی دڵنیایی و كێشەكانیان كرا و لەمبارەیەشەوە بڕیار درا دەستەیەكی ڕاوێژكاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری پێك بهێنرێت بۆ پێداچوونەوە بە پڕۆژەیاسای دڵنیایی لە هەرێمی كوردستان و دۆزینەوەی میكانیزمی كاری ئەو كۆمپانیایانە. هەروەك بڕیار درا وەرگرتنی 20%ی داهاتی كۆمپانیاكانی دڵنیایی لە لایەن وەزارەتی داراییەوە وەك لە پرۆژەیاساكەدا هاتووە، بكرێت بە سەدا پێنج.
لە كۆبوونەوەكەدا باس لە یاسای پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی كرا كە لە بەغدا كاری پێ دەكرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان كاری پێ ناكرێت، لهمبارهیهشهوه بڕیار درا یاساكە ئاراستەی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی بكرێت و پێداچوونەوەی بۆ بكرێت و دوای ئەوەی لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند دەكرێت، بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە. هەروەها بڕیار درا بۆ بووژانەوەی كارگە حكوومییەكان، پڕۆژەیەك لە لایەن وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانییهوه بە هاوكاریی وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی ئابووری، ئامادە بكرێت.
دواتر باس لە مۆڵەتی هاوردەكردنی كەلوپەل و كاڵاكان كرا كە ئەو مۆڵەتە لە هەرێمی كوردستان و بەغدا جیاوازی هەیە، بۆیە بڕیار درا بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی فیدرال، مۆڵەتی هاوردەكردن یەك بخرێت بۆ ئەوەی لە بەشی بازرگانیی كونسڵخانەكاندا، مامەڵەی هاوردەكاران بە ئاسانی و بێ كێشە بەڕێوە بچێت.




