لیژنەی دارایی: كەمكردنەوەی بوودجەی هەرێم جێگای نیگەرانییە

بەغدا-KDP.info-ئەندامێكی كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیێنێت: "بڕینی رێژەی زیاتر لە بوودجەی هەرێمی كوردستان لەم مانگەدا، جێگای نیگەرانییە و داوایش لە حكوومەتی عێراق دەكەین بوودجەی ئێمە بە تەواوی بنێرێت".
ئەندامی كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (سەرحان ئەحمەد سلێڤانەیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "حكوومەتی عێراق بەپێی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بوودجە نانێرێت، بۆیە ناردنەكەیان گرێ داوە بە رێژەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە و ئەمەیش كارێكی هەڵە و نایاساییە، لەگەڵ ئەوەیشدا بوودجەی هەرێمی كوردستان بە تەواوی نانێرن".
(سەرحان ئەحمەد) گوتیشی،" مامەڵەكردن بەو شێوەیە جێی نیگەرانییە، بۆیە پێویستە هەرێمی كوردستان بڕیارێكی سیاسی بدات و خۆی نەوتی خۆی بفرۆشێت، چونكە لەم كاتەدا هەرێم زۆر پێویستی بە دابینكردنی بوودجە و مووچەی فەرمانبەران هەیە، لە یاسای ژمارە (5)ـی ساڵی 2013ـیشدا كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە، نیشان كراوە كە هەرێمی كوردستان بە رێگایەك داهات پەیدا بكات و، لە ماددەی (11)ـی بڕگەی سێ لە یاسای بوودجەی گشتی 2015ـی عێراقیشدا هاتووە، ئەگەر حكوومەتی عیراق بەرانبەر هەرێمی كوردستان پابەند نەبوو بەو ئەركەی دەكەوێتە سەرشانی، ئەوكات هەرێمی كوردستانیش دەتوانێت بەو رێككەوتنەوە پابەند نەبێت، مانای وایە ئەوكات مافی هەیە نەوتی خۆی بفرۆشێت" .
(سلێڤانەیی) زیاتر گوتی: "بڕینی رێژەی زیاتر وەكو دەگوترێ لە بوودجەی هەرێمی كوردستان لەم مانگەدا، جێگای داخ و نیگەرانییە و داوایش لە حكوومەتی عێراق دەكەین بوودجەی ئێمە بە تەواوی بنێرێت".
نەشوان بەرزنجی




