٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێویستە لە كۆنگرەی برۆكسلدا حكوومەتی هەرێم لایەنێكی سەرەكی بێت لە وەرگرتنی یارمەتییەكان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دوای هێرشەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر پارێزگای ئەنبار، بە دەیان هەزار هاووڵاتیی ئەم شارە ئاوارە بوون و روویان لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكەی عێراق كرد، بەشێكیان ناچار بوون روو لە هەرێمی كوردستان بكەن و لەبەر نەبوونی رێگای وشكانی كە هەرێم بە رەمادی و ناوچەكانی دیكەوە ببەستێتەوە، بەشێك لەو ئاوارانە بە فڕۆكە و لە رێگای فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەییشتوونەتە هەرێمی كوردستان.

لەم بارەیەوە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان (د. دیندار زێباری)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هاتنی ئاوارەكانی ئەنبار و رەمادی لە رۆژی 25ـی نیسانەوە دەستی پێكردووە و  تا ئێستا نزیكەی 8434 خێزانی عەرەب  لە ناوچەكانی ئەنبار و سەڵاحەددین و رەمادییەوە لە رێگای فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە".
(زێباری) هەروەها گوتی: "لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 350 خێزان كە ژمارەیان 1593 كەسە، لە رێگای فڕۆكەوە هاتوون و ژمارەیەكی زۆر بلیتی فڕۆكە بە خۆڕایی بەو ئاوارانە دراوە، هەروەها كۆمپانیا بازرگانییەكانی بواری فڕۆكەوانی وەك هێڵی ئاسمانیی عێراقی و زاگرۆس و ئەلناسر و چەند كۆمپانیایەكی دیكە ئاوارەكان دەگوازنەوە و پێشبینی دەكرێ هاتنیان بەردەوام بێت".
( د. دیندار) ئاماژەی بە كۆنگرەی بڕۆكسل كرد و گوتی: "بڕیار وایە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە شاری برۆكسلی پایتەختی بەلژیكا كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی ساز بكرێت بۆ ئەوەی بانگەوازێكی جیهانی رابگەیه‌نرێت بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان لە عێراق و، لایەنەكان رێككەوتن كە لەم بانگەوازەدا داوای 500 ملیۆن دۆلار لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بكەن بۆ ئاوارەكانە لە عێراق".

هەر سەبارەت بە كۆنگرەكە زیاتر ڕوونی كردەوە: "ئێمە داوا دەكەین كە ئەو رێژە زۆرەی ئاوارە لە هەرێمی كوردستان لە بەرچاو بگیرێت، چونكە زیاتر لە نیوەی ئەم ئاوارانە كە 3 ملیۆن كەس دەبن، لە هەرێمی كوردستانن، جگە لەوەی كە پێویستە بیر لە میكانیزمێك بكرێتەوە كە حكوومەتی هەرێم لایەنێكی سەرەكی بێت لە دانوستانە نێودەوڵەتییەكان بۆ دەستنیشانكردنی ئەولەویات و پێداویستییەكان لەو پڕۆگرامانەی كە بڕیارە جێبەجێ بكرێن. هەروەها گوژمەیەكیش راستەوخۆ تەرخان بكرێت وەك یارمەتییەكی تایبەت بۆ دامودەستگاكانی حكوومەتی هەرێم كە سەرقاڵی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانن لەم بوارەوە، لای هەمووانیش ئاشكرایە كە حكوومەتی بەغدا ناكرێت لەم بوارەدا تەنیا لایەن بێت".
گوتیشی: "دەبێت لەم كۆنگرەیەدا گوشارێكی نێودەوڵەتی بخرێتە سەر حكوومەتی بەغدا بۆ ئەوەی بە زووترین كات یارمەتیی دارایی پێشكەش بە دامودەستگاكانی هەرێمی كوردستان بكات، چونكە ئاشكرایە كە ئەم ئاوارانە عێراقین و بەرپرسیارەتیی سەرەكی لەسەر شانی حكوومەتی عێراقە".
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەیشی دا: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك ئەركێكی مرۆیی و پابەندبوونی خۆی بە بنەماكانی مافی مرۆڤ و مافی پەنابەران، پێشوازییان لێ دەكات و لە كاتی گەییشتنیان لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی  هەرێمی كوردستان رێوشوێنی تایبەت دەگرنە بەر".

هەواڵی پەیوەندیدار