بەغدا دەدرێتە بەر ڕەخنە.. بە رێككەوتنە نەوتییەكەوە پابەند نییە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕەخنە لە سیاسەتی حكوومەتی عێراق دەگرێت بەوەی نەیتوانیوە بە ڕێككەوتنی هەولێر و بەغداوە پابەند بێت. دەشڵێت، كە ئەم ڕێككەوتنە كراوە، بوودجە سیادییەكان دەرهێنراون دوای ئەوەی پارەكە بۆ هەرێمی كوردستان دیاری كراوە، ئیتر هەر بڕینێكی بوودجە هەبێت، نایاساییە.
ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (ئەحمەد حاجی ڕەشید) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەبەر ئەوەی لە مانگی 1و 2و 3 و 4ـدا بەغدا باسی ئەوەی نەكردووە كە لە هەناردەكردنی نەوت زیانی كردووە، بۆیە نایشبێت لەمەودوا شكستی خۆی لەسەر ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا حسێب بكات، چونكە ئەو ڕێككەوتنە لە یاسای بوودجەی 2015ـدا جێگر كراوە".
(ئەحمەد حاجی ڕەشید) ڕوونیشی كردەوە: "ئەو پارەیەی بەغدا ناردوویەتی، لە بەرانبەر هەناردەی نەوتی كوردستاندا بووە و (حەیدەر عەبادی) خۆیشی گوتوویەتی هەرێم چەندە نەوت بنێرێت، ئەوەندە پارەیان پێ دەدەین، بۆیە ئێستا بەغدا بابەتی ئەوەی هێناوەتە ئاراوە كە 40%ـی پارەی ڕێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدا ببڕێت، كە ئەمە نایاساییە و پێویستە بەغدا ئەمە ڕوون بكاتەوە، چونكە تا مانگی 4ـیش ئەم بابەتە لە ئارادا نەبووە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران گوتیشی: "ئەمە یاسایە و دەبێت پشكی 17%ـی هەرێم وەك خۆی بنێرێت بە بێ بڕین و ئەملاو ئەولای بوودجە، دەی خۆ ئەوەتا هەرێمی كوردستان پابەند بووە، خاڵی دواتر كە ئەم ڕێككەوتنە كراوە، بوودجە سیادییەكان دەرهێنراون دوای ئەوەی پارەكە بۆ هەرێمی كوردستان دیاری كراوە، ئیتر هەر بڕینێكی بوودجە هەبێت، نایاساییە".
دەشڵێت، تا ئێستا دیار نییە بەغدا چی بۆ بوودجەی پێشمەرگە كردووە، لە كاتێكدا لە بوودجەی 2015ـدا بە یاسا رێك خراوە و دەبوو بەغدا پابەند بووایە، چونكە هەرێمی كوردستان ڕۆژانە زیاتر لە 550 هەزار بەرمیل نەوتی داوەتە بەغدا، بەڵام حكوومەتی عێراق پابەند نییە بە بڕگەكانی بوودجەوە، ئیتر ئەم مەرجانە چییە بۆ هەرێمی كوردستان دایاندەنێت ".
كارزان هەورامی




