٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

میرانی کۆنگرەی نەتەوەیی بە زەرور نابینێ.. "كەس كچی خۆی ناكاتە قوربانی کوڕی خەڵك."

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (فازل میرانی) كۆنگرەی نەتەوەیی بە زەرور نابینێ، چونكە ئەو وەک (میرانی) دەڵێت، كۆنگرەی نەتەوەیی ئەگەر داڕشتنی ستراتیژیەتێكی نەتەوەییە بە سێسەد یان چوارسەد كەس دانانرێت. جەختیش دەکاتەوە، کە كەس نییە لە ناخیدا حەز نەكات كورد لە هەموو پارچەكان سەركەوێ، بەڵام لە هەر هەنگاوێك كە دەینێی بەرژەوەندیی خۆشت تێیدا دادەنێی؛ پەندێکی كوردیش دێنێتەوە بەر باس کە دەڵێ: "كەس كچی خۆی ناكاتە قوربانی کوڕی خەڵك."

(فازل میرانی) سکرتێری مه‌کته‌بی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان، لە بەرنامەی دیداری زاگرۆسدا، تیشکی خسته‌ سه‌ر گرینگترین پرسه‌کانی ئه‌مڕۆی کوردستان.

بەلاوەنانی پرسە لاوه‌کییەکان
(فازل میرانی) لەبارەی بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان گوتی: خوێندنەوەی من بۆ بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستانی عێراق ئەوەیە كە، حەقە هەموومان پشكەكان كۆ بكەینەوە و بۆ میللەتی دابنێین، ئەمڕۆ كاری گرینگمان لەپێشه‌ حزب سیاسییه‌کان و خەڵكی ئەم كوردستانە، بە كورد و ئاشووری كلدان و توركمان و ئێزدی و موسڵمان و مەسیحی و حزبەكانی دیكەی سیاسی و ئیسلامی، ئەمڕۆ وا بیر بكەنەوە. پێویستە ئێمە پرسە لاوەكییەكان بەلاوە بنێین. ئەمڕۆ بەلامانەوە گرینگە بارودۆخی عێراق چیی لێ دێت؟ شەڕی داعش بۆ كوێ دەچێت؟ لە دوای داعش كوردستانی عێراق لە چ پێگە و بارودۆخێكدا دەبێت؟ پرۆسەی ئاشتی لە كوردستانی توركیا بەرەو كوێ دەچێت؟

دەستنیشانکردنی کەموکوڕی لەپێناو چارەسەردا
له‌باره‌ی ئه‌و بابەته‌ی لە گوڵان بڵاوی كردەوە، که‌ هێزە كوردستانییەكان بە ڕووكەش قسەی باش بۆ یەكتر دەكەن، سکرتێری مه‌کته‌بی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەمە تەرجومەی قسەكانی ئێستایە كە پێش چەند مانگ گوتوومە. هەموومان بینیمان داعش چییە و كێیە، بۆیە ده‌بێ بزانین چۆن مامه‌ڵه‌ لەگەل ئێستا و سبەی داعش بكەین. من دەبینم ئەو گفتوگۆیەی لە پەرلەمان یان حكوومەت دەكرێ ئەوەی دیفاعی لی ناكرێت تەنیا حكوومەتە. من نازانم ئەو حكوومەتە هی كێیە؟ سەرۆكی حكوومەت پارتییە، سەرۆكی پەرلەمان گۆڕانە جێگرەكەی پارتییە و جێگری سەرۆكوەزیران یەكێتییە، هەموویان بەشدارن لەو حكوومەتە. من كە باسی ڕەخنە دەكەم، یەكەمجار، باسی پارتی و یەكێتی دەكەم ئینجا دێمەوە سەر لایەنەكانی دیكە، من دەڵێم ئێمە هەموومان ڕەخنەگرین: ئەوەی لە حكوومەتە ڕەخنە دەگرێت، ئەوەی لە حكوومەت نییە ڕەخنە دەگرێت، بەڵام دەبێ بزانین ڕەخنە لە كێ دەگرین. بەدڵنیاییەوە، نابێ وابێ چونكە ڕەخنە بۆ ئاوەدانكردنەوە شتێكە و ڕەخنەی ڕووخێنەر شتێکی دیكەیە. ئەو ڕەخنەیەی من دەیبینم، هەموومان بەشوێن یەك ئەڵقەدا دەگەڕێین كە ڕەخنەی لێ بگرین یان تۆمەتباری بكەین. جاری وا هەیە پارتی و یەكێتی بەتەنیا دەمێنن كە ڕەخنەیان لێ دەگیرێت، جاری واهەیە پارتی بە تەنیا دەمێنێ و یەكێتی بە شێوەیەك لە شێوەكان خۆی لێ دەكێشێتەوە. من لەگەڵ ئەوەدام مرۆڤ دەست لەسەر كەموكووڕییەكانی خۆی دابنێ و بە بێ ئەوەش چاكسازی ناكرێت، ئینجا ماڵە، حزبە، عەشیرەتە، گوندە، حكوومەتە هەر شتێكە، دەبێ كەموكووڕییەكانمان بزانین، تا ڕێگە بۆ چارەسەرییان بدۆزینەوە. قۆناغی یەكەم دەستدانانە لەسەر كەموكووڕییەكان. قۆناغی دووەم، بە پێی قوناغ چاكسازی دەكرێت، ئەگەر هاتو ئەوەندە ساڵە باسی گەندەڵی دەكرێت، بە شەو و ڕوژێكیش چاك نابێتەوە. تا دوێنێ كێشەمان هەبووە، ئەمڕۆ پێكەوەین، تا دوێنێ ئۆپۆزیسیۆن و حوكمڕان هەبوو، ئەمڕۆ پێكەوەینە، دەبێ یەكتر قبووڵ بكەین و هەوڵ بدەین یارمەتی یەكتر بدەین، چونكە لە ئەنجامی كۆتاییدا، ئەگەر دەستكەوتەكان بە پشكیش بێ، بەڵام خوانەخواستە لە شكستەكان یان زەرەركردن كەسێك لەو زەرەرە بێ بەش نابێت و هەمووومان زەرەرمەند دەبین، پاراستنی ئەو ئەزموونە پشكی سەرەكیی هی میللەتە كە میللەت تێدا ئاسوودەیە.

بڕیارەکان هی هەمووانە
له‌باره‌ی ئه‌و ڕه‌خنه‌ ڕووخێنه‌رانه‌ی لە پارتی دەگیرێ، ئاشکرای کرد: بە بۆچوونی من ئەوانەی دەڵێن پەراوێز كراون، یەكەمجار دادپەروەرییەك لەو قسەیەدا نییە. دووەمیش، هیچ لۆژیكی تێدا نییە. بڕیاری سیاسی لەكوێوە وەردەگیرێت؟ دەسەڵاتی یاسادانان هەیە كە پەرلەمانە، پێكهاتەی پەرلەمان بە هەڵبژاردن هاتۆتە ئاراوە و خۆشبەختانە زۆربەی هەرەزۆری پێكهاتەكانی كوردستان بەشدارن لە پەرلەمان. ئەو بڕیارەی لە پەرلەمان دەردەچێت هی هەمووانە. بابەتی دووەم، ئەنجوومەنی وەزیرانە بە هەمان شێوە بریاڕەكانی ئەنجوومەنی وەزیران، كە هەموو خوشك و برا وەزیرەكان تێیدا بەشدارن و دەسەڵاتی دادوەریش هەیە، كە ئەسڵەن كەسێك تێیدا بەشدار نییە بەشێوەی حزبی و بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان لە هەرێمی كوردستان پەیڕەو كراوە و جیاكردنەوەكەش بە شێوەیەكی نەرم و نیانە نەك وشك و ڕەها بێت، هەروەك هەندێ كەس باسی دەكەن، لە سیستەمی سەرۆكایەتی یان پەرلەمانی و هتد..بەڵام ئەگەر شتەكان بە شێوەی نسبی وەربگرین، حكوومەتی ئێمە هەنگاوی باشی بڕیوە، بەڵام پێویستی بە پێداچوونەوەش و بە چارەسەركردنی ئەو گرفتانە هەیە كە دەردەكەوێت، كە كەموكووڕی هەبێ مرۆڤ نابێ چاوپۆشییان لێ بكات و خۆی نادیدە بگرێت و دەستی لەسەرچاوی دابنێت، بەڵكو دەبێ هەوڵ بدات چارەسەریان بكات و ڕۆژیك زووتر چارەسەریان بكات باشترە.

بارودۆخەکە لە بەرژەوەندیی کورددایە
(فازل میرانی)، سەبارەت به‌ داهاتووی هەرێم گوتی: بڕیار لە مافی چارەی خۆنووسین، مافێكی یاسایی و سروشتیی هەر میللەتێكە لە دنیادا. هەموو ئەو وڵاتانەی كە لەدژی كوردن و كوردستانیان دابەش كردووە هەر بەپێی ئەو مافە بوون بە دەوڵەت و سەربەخۆبوون، جا چ لەژێر ده‌ستی ئیستعمار دەرچووبن یان لەیەكتری جودا بووبنه‌وه‌.

بە دیدی ئێمە، كە لە تێڕوانینی جەنابی سەرۆكیشەوە هاتووە، ئەمڕۆ بارودۆخی بابەتی بۆ یەكەم جارە لە مێژوودا لە بەرەژوەندیی كورددایە. بەڵگەش ئەوەیە ئەو وڵاتانەی كورد بەسەریاندا دابەش بووە، هەر یەك قەیرانی خۆی هەیە. سووریا ناتوانێ هەڕەشه‌مان لێ بكات. عێراق ناتوانێ هەڕەشەمان لێ بكات. توركیا گرفتی خۆی هەیە، ئێرانیش گرفتی خۆی هەیە. ئێمە ئەگەر وابگرین ببینە دەوڵەت لە عێراق دەبینە دراوسێی وڵاتیك كە گرفتی كوردی تێدا نەماوە. كەواتە یەكێك لەو گرفتانەی نێوان ئێمە و ئەو وڵاتانە نامێنێ، چونكە یەكێك لەو گرفتانەی ئێمە كە هەیە لەگەڵ ئێران، توركیا و سووریا، گرفتی كوردە. تەمەننامان دەكرد ئێمەی كورد تەنیا لە توركیا بووینایە یان لە عێراق، لەو كاتە هیچ گرفتێكمان لەگەل ئەوانە نەدەبوو بۆنموونە ئەگەر هەمووومان، لە توركیا یان عێراق یان سووریا بویونایە ڕەنگە ئێران پاڵپشتیی بکردباین، بۆ نموونە بەهۆی ئەوەی كە دەیانگوت ئەوانە میللەتی ئارین و ئێمە پشتیوانیان دەكەین، هەروەك چۆن پشتیوانی حوسییەكان دەكات پشتیوانیی ئێمەیشی دەكرد. بەڵام كە ئێمەش دابەش كراوین بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەبێ بە زمانی گفتوگۆ و دیالۆگ کار بکه‌ین و ئێمە دەبێ ئەمنیەتی ئێران بپاریزێن و ئەمنیەتی توركیا بە هەمان شێوە له‌بەرچاو بگرین؛ ئەمڕۆ بە دیدی من بارودۆخی بابەتی گونجاوترە لە هەموو كاتێكی دیكە، بەڵام بەداخەوە بارودۆخی خۆیی كورد لە هەموو وەختەك خراپترە.

ڕاپرسی، هه‌ڵوێستی دژ
له‌باره‌ی ڕیفراندوومیشه‌وه‌ گوتی: هەموو ڕۆژ هەدەپە و ئاكپارتی و جەهەپە ڕاپرسی دەكەن، كە ڕیفراندۆمێكە بە شێوەیه‌کی سادەتر، ئێمە كە ڕیفراندۆممان كرد یەكسەر دەوڵەتی كوردی دروست ناكەین. ئێمە ناتوانین داوای هیچ شێوە گوڕینێکی ئەم سیستەمە بكەین، ئەگەر بەڵگەنامەیەكی یاساییمان پێ نەبێ، ناتوانین بچینە نەتەوە یەكگرتووەكان، ناتوانین بەیاننامەیەك دەربكەین، ناتوانین لەگەڵ ئێران و سووریا و توركیا قسە بكەین، ئەگەر پێسپێرراوێكی میللیمان پێ نەبێ تاكو بیڵێین ڕیفراندممان كردووە و نەوەدونۆ لەسەر سەد لە میللەتی ئێمە، كە هیوادارم لەوەش زیاتر بێت، داوای ئەوەی كردووە. دەبێ پێشوەختە ڕای ئەو خەڵكە بزانی که‌ لەو كوردستانە دەژین. بۆیە دەڵیم بەداخەوە پێش ئەوەی خەڵكێك لە دەرەوە ناڕەزایی ده‌ربڕن، خەلكێك لەناوخۆمان دەستی كردووە بە ناڕەزایی و بە بیانووی جیاجیا دەڵێن: ئێستا كاتی نییە یان دەوروبەر لێمان ناڕازی دەبن. ئەگەر بتەوێ دەبێ ڕوژێك لە ڕۆژان هەوڵ بۆ میللەتی خۆت بدەی. دەبێ گومانت نەبێ كە من مافی خۆمە و ئەگەر ئەم لایەنە لێم ناڕازی دەبێت دەبێ تێی بگەیه‌نم.

بۆچی دەبێ ئەو دەوڵەتی هەبێ، بێ من دەوڵەتم نەبێ؟ بۆچی توركیا و ئێران مافیان هەیە دەوڵەت بن، بەڵام من مافم نەبێ؟ بۆچی بەحرەین مافی دەوڵەتبوونی هەبێ كە لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوای، بیست و هەشت كیلۆمەترە، تەنانەت بەقەد هەولێریش نابێت و قەتەر سێسه‌د هەزار كەسە، كە دەستتێوەردان لە زیاتر لە نیوەی دنیایش دەكات و بۆچی خوا ئەو مافەی بە ئەوان داوە، بەڵام بە ئێمەی نەداوە؟ ئێستا كاتی ئەوە هاتووە بڕیاری خۆمان بدەین ئێمە شەریكەكانی خۆمان لەو بابەتە ئاگادار بكەینەوە. عێراق دەیتوانی وا لە كورد بكات كە وا هەست بكات بەڕاستی لە سیستەمێكی فیدرالیدا دەژیێ‌ت و بڵێت من لە بارودۆخێكی یەكجار باشم و بە پێی دەستوور مامەڵەم لەگەڵدا دەكرێت. سوننە هەزار و چوارسەد ساڵە حوكم دەكەن، ئێمە لە حوكمڕانیی ئەواندا كیمیاباران كراین، تەعریب كراین، تەهجیر كراین و هتد. برادەرانی شیعە، كە دۆستی دوێنێی ئێمە بوون، هاتوونەتە سەر حوكم، بەڵام نانی میللەتی كوردیان بڕیوە. باشە كورد بیر لە چی بكاتەوە؟ نابێ بیر لە چارەسەرێك بكاتەوە كە چیتر كیمیاباران نەكرێن و چیتر نانبڕاو نەكرێن؟ بەڵام مەرج نییە كە بیر لە شتێك بكەیتەوە بڵێی من بەیانی جێبەجێی دەكەم، بەڵكو ڕێگەی بۆ دەدۆزیەوە و سەركردایەتیی ژیر و زیرەك ڕێگەی ئاسان و ئەمین ده‌گرنە بەر.

ئەوەی من دەیبینم هۆكارە دەرەكییەكان لە ناوخۆییەكان باشترن. چونكە ئەوەی من دەیبینم لەناو كوردستانی عێراقدا ئینجا لە ململانێی سیاسییه‌وه‌ بیگرە، كە كاردانەوەی دەبێت له‌سەر دۆزی گشتیی میللەتێك یان ڕكابەریی حزبی و حەسادەتی حزبی و بەشێكیش ئەنجامی لێكدانەوەیەكی ناوخۆیی یان دەرەكی(ئیستیرادی) كە ئەو لێكدانەوە هاوتەریب بێ لەگەڵ دیدی دەوڵەتێك یان خۆی بگونجێنێ لەگەڵ بارودۆخێكی بابەتی كە ئەمڕۆ نه‌گونجاوە و لەداهاتوو گونجاوە.

ڕووداوەکەی نێوان پەکەکە و حدکا، نەدەبوا وا شرۆڤە بکرێت
(میرانی) ئاماژه‌ی به‌ ڕووداوی نێوان پ.ك.ك و حدكا کرد و گوتی: تا ئێستا وردەكارییه‌کان دیار نییە و من لەگەڵ ئەوەش نەبووم لە ڕاگەیاندن وا شرۆڤە بكرێ، چونكە ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندكاران جاری وا هەیە بە سۆز و عاتیفە یان لایەنگیری دەجووڵێنەوە. ئەمە پەیوەندیی بە ستراتیژیەتی ئەمنیی نەتەوەییەوە هەیە، ئەگەر ئەمە تێك نەگەیشتنێكی سەر سنوورەكان، یان نێوان دوو مەفرەزە بێت، لەوكاتە، هیچ گرفت نییە، لەناو حزبێك یان نێوان دوو حزب ئەو شتانە هەیە و لە ئەنجامی هەڵسوكەوتی سەربازییە. بەڵام ئەگەر سەرچاوەكەی سیاسی بێ و بە پێی پلانێكی دارێژراو بێت، ئەمە یەكێك لەو شێوانەیە كە من باسی دەكەم. بەڵام دیسان من دەڵیم ئێمە زەرەرمەندین لەو ڕووداوە بچووكەی كە ڕوویداوە.
من، كۆنگرەی نەتەوەیی بە زەروری نازانم، چونكە كۆنگرەی نەتەوەیی ئەگەر داڕشتنی ستراتیژیەتێكی نەتەوەییە بە سێسەد یان چوارسەد كەس دانانرێت.

ئەگەر سەیری لووتكەی عەرەبی بكەین كە هیچ ئەنجامی وای بۆ عەرەب نەبووە و تەنیا ڕاگەیاندن بووە، یان ڕاگەیەنراوی بڵاو كردۆتەوە. بەهەر حاڵ هەندێ كێشەكانیان پێ چارەسەر دەكەن، وەك كێشەی یەمەن، ئەو شێوازەی كۆنگرەی نەتەوەیی كە شەش سەد كەس كۆبكرێنه‌وه‌ لە هەولێر یان دیاربەكر یان سلێمانی، باشە باسی ستراتژیەتی كوردی دەكەین لەنێو شەشسەد كەس دا؟ لەبەر ئەوە كۆنگرەی نەتەوەیی دەبێ شەخسی یەكەمی حزبە سەرەكییەكان بن، ئەوانەی كە قوربانییان داوە و قوربانیش دەدەن و خەباتیان كردووە بۆ چارەسەری كێشەی كورد، ئینجا لە توركیا و سوریا و ئێران یان عێراق پێكەوە دابنیشین و بەنهێنی بریارەكان دەربكرێن، بەڵام ئەگەر بۆ چارسەد یان پێنسەد كەس بێت ئەوە كۆنگرە نییە و نمایشی ڕاگەیاندنە و ئەو وڵاتانەی كوردیان دابەشكردووە دەتوانن چەند كەسێك بنێرنە ناو كۆنگرەكە و بزانن باسی چی كراوە .

بۆ ئێمەی كوردی عێراق، ئەوە كۆنگرەی نەتەوەییە. ئەو ژووره‌ی عەمەلیات لەناو كوردستانی عێراق پێویستە، چونكە كوردستانی توركیا و ئێران چه‌ندین حزبی خۆیان هەیە ئێمە نابێ ببینە وەسی بەسەریانه‌وه‌ ئێمە وسایەت لەكەس قبووڵ ناكەین و نابێ لە هەمان كاتیش خۆت بکه‌یته‌ وەسی بەسەر خەڵكی تره‌وه‌. بۆ ئێمەی كورد ئەوە ڕێگە ڕاستەكەیە، بەڵام ئێمە بە مەرجی ئەو یەكڕیزییەی كە باسم كرد، ژووری عەمەلیات دروست بكەین. كاتی ئەوە هاتووە لەگەڵ عێراق قسە بكەین، لەگەل ئێران، قسە بكەین، ڕیفراندۆم بكەین و هەموومان بەشدار بین بۆ ئەوەی كەسێك خۆی لی نەدزێتەوە و نەڵێ ئەوە من نیم و، بە توركیا و ئێران بڵی ئەوە بە مل مندا هاتووە و منیش ناچارم ئەنجامی بدەم. نەخێر هەموومان بە یەك دڵ بە یەك قسە بە هاوبەشی بڵێین ئەوە ڕاوبۆچوونی ئێمە و میللەتی ئێمەیە.

هەڵبژاردنی تورکیا و هەندێ قسەی بێبنەما
له‌ وه‌ڵامی، چۆن حزبەكان پاڵپشتی حكوومەت بن بۆ ڕاگرتنی ئەو هاوسەنگییە نەك تێكدانی؟ (میرانی) گوتی: بە دیدی ئێمە ئەو بابەتەی هەندێ حزب دەیكەن، خۆ بە شتەوە گرتنە. جاری وا هەیە تۆ ناتوانی سواری ئۆتۆمبێلێك بی خۆت بە پشتەوە دەگری. بەڕای من كەس نییە لەناخیدا حەز نەكات كورد لە هەموو پارچەكان سەركەوێ، بەڵام لە هەر هەنگاوێك كە دەینێی بەرژەوەندیی خۆشت تێیدا دادەنێی، كورد گوتەنی؛ كەس كچی خۆی ناكاتە قوربانی کوڕی خەڵك. لەبەر ئەوە ئێمە هاوسۆز و هاودەنگ بین لەگەڵ ئەو حزب و ئەوی دیكە، بەڵام ناكرێ خۆمان بە ئاشكرا خۆمان ساخ كەینەوە لەسەر لایەنێك لە لایەنەكانی دیكە. یەكەمجار ئەوە دەستتێوەردانە لە كاروباری خەڵكی تر. ئەگەر توركیا بێت دەست وەربداتە هەڵبژاردنەكانی كوردستان ئایا نابێتە جێی ناڕەزایەتی و گلەیی؟ كاتی خۆی دەمانگوت بەرەی توركمانی یان براتوركمانەكان لەلایەن توركیاوه‌ پشتیگری دەكرێن و بە دەستتێوەردانمان ناو دەبرد، ئەگەریش بەراورد بكەین، توركیا، كە زیاتر لە هەشتا ملیۆنە و ئێمەش هەرێمێكی بچووك، ئیتر كە تۆ یارمەتیدانی ئەوان بۆ توركمان بە تەدەخول بزانی خۆ پێچەوانەكەشی لەئارادایە. لەبەر ئەوە ئێمە دەتوانین هاوسۆز بین لەگەڵ نەتەوەی خۆمان، بەڵام زەرەر لە خۆمان نەدەین و من دەڵێم هیچ پێویست ناكا و، من نازانم برادەرانی یەكێتی بۆ پشتیوانی هەدەپە چوینە یان دەگوترێ خەڵكی ئێمە پشتیوانی ئاكپارتی دەكات، كە ئەو قسەیە هیچ بنەمایەكی نییە، بەڵام ئێمە بۆ وا بكەین؟ ئەگەر واش كرابێ بۆ ئەوە لێرە بەكار بێنین لە دژی یەكتر و بۆچی سەنگەری دابەشبوونەوەی خۆمان لەسەر میحوەرەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان نیشانی میللەتی خۆمان بدەین كە شێوەیەك لە بێ ورەیی دروست دەكات لەنیوخۆماندا.

هەرێمی کوردستان، پێگەیەکی بەهێزتر
میرانی له‌باره‌ی ئابووریشه‌وه‌ گوتی: ئابووری دەستەواژەیەكی كاتیی باو نییە و وڵاتان ئەگەر بە شۆین كەناڵی ئابووری دەكەون، درێژخایەنە نەك كورت مەودا و بۆ مانگێك و دومانگ نییە و پێگەی كوردستانی عێراق لەڕووی ئەمنی و سیاسی و ئابووری و لەڕووی جوگرافیاكەشی، ئەمرۆ پێگەیەكی بەهێزتری بەخۆیەوە بینیوە. كۆمپانیا گەورەكان، كە هاتوونەتە هەرێم و بە شوێن نەوتدا گەڕاون، هی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە و چەندین ساڵ پێش ئێستا ئەوان دیراسەیان كردووە و ئەگەر بارودۆخی ئەمنی و ستراتیژییەكی درێژخایەنیان دیراسەنەكردبێ ئەوان نایەن ئەو كارە بكەن، ئەویش بە ڕاوێژ لەگەڵ كەسانی شارەزا و ڕاوێژكاری بەهێز، كە ئایا ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بكەن یان نا. بەداخەوە ئێمەی كورد وەك خۆی سەنگ و بەهای شتەكان نابینین و زوو دەڵێین ئەوە بەرژەوەندییەكی كاتییە یان ئەوە نێچیرڤان بارزانی بوو وای كرد، یانیش ئاشتی هەورامی هۆكاری ئەوە بوو. بەڵام دەبێ بزانین، ئەوانە وڵاتن و كۆمپانیای گەورەن، ئەو كۆمپانیا گەورانە، لە وڵاتانی خۆیان سەرۆكوەزیران دەستنیشان دەكەن و لە وڵاتانی وەك ئەمریكا تەحەكوم بە هەڵبژاردنەكان دەكەن یان تەحەكوم بە هەڵبژاردنی وڵاتانی دیكەش دەكەن و، بە بێ بەرنامەڕێژی نەهاتوونە كوردستان. دەبێ خۆمان لەگەڵ ئەو پرسانە بگونجێنین و جورئەت بەخۆمان بدەین و هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێین، لەپێشەوەی هەموووشتێكیش، دەبێ خۆمان ئامادەبكەین بۆ دۆز و پرسی كورد، چونكە مەسەلەیەكی گەورەیە لە ناوچەكه‌دا و ئەو مەسەلەیە بە نێگەتیڤ یان پۆزەتیڤ لەقەڵەم بدەین، گرنگە و لە هەردووحاڵەتدا لە گەورەیی مەسەلەكە كەم ناكاتەوە، بەڵام من زۆر لە ڕووی ئیجابییەوە سەیری گەورەیی مەسەلەكە دەكەم.
 

هەواڵی پەیوەندیدار