٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەتی هەرێم ڕەخنە لە بەغدا دەگرێت.. دەبوو نوێنەری هەرێم لە كۆنگرەی پاریسدا بەشدار بووایە

سەرچاوە: KDP.info

 هەولێر-KDP.info-  فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە راگەیاندراوێكدا هەڵوێستی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە كۆنگرەی پاریس دەخاتە ڕوو و ڕایدەگەیێنێت، حكوومەتی فیدڕاڵ بانگهێشتی نوێنەری هەرێمی كوردستانی بۆ ئەم كۆنگرەیە نەكردووە و بە تەنیا بەشدارییان كرد، ئەمە لە كاتێكدایە كە كاریگەرترین هێز كە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ و كردەیی ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش وەستاوە، هێزی پێشمەرگەی كوردستانە.

ئەمەیش دەقی ڕاگەیەندراوەكەیە:
بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی رەوتی هەوڵ و هێرشەكانی هاوپەیمانان بۆ لێدان و لاوازكردنی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە سووریا و عێراق و تاوتووكردنی دواپێشهاتە ئەمنییەكان لە عێراق و ناوچەكەدا، ئەمڕۆ سێشەممە ٢/٦/٢٠١٥ نزیكەی ٢٠ وڵاتی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە رێكخراوی تیرۆریستی داعش، لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی گرێ دەدەن.
كۆنگرەی پاریس تایبەتە بەو وڵاتانەی لەگەڵ ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش لەشەڕدان، هەرێمی كوردستانیش لەم رووەوە پشكی شێری بەركەوتووە و تاكە هێزە تاكو ئێستا توانیویەتی بە قارەمانیەتیی هیزەكانی پێشمەرگە، گەورەترین سەركەوتن بەسەر تیرۆریستاندا بەدەست بێنێت و داعش تووشی شكستی گەورە بكات و ناوچەكانیان لێ پاك بكاتەوە.
دوای كۆنگرەكانی پێشوو، چاوەڕوانی ئەوە بووین كە حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕێز لە قوربانیدانی گەلی كوردستان و قارەمانێتیی پێشمەرگە بگرێ و بە بایەخەوە سەیری هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم بكات بۆ نیشتەجێكردنی زیاتر لە  ملیۆن و نیوێك ئاوارە و پەنابەر، كەچی ئەمجارەیش حكوومەتی فیدڕاڵ بانگهێشتی نوێنەری هەرێمی كوردستانی بۆ ئەم كۆنگرەیە نەكرد و بە تەنیا بەشدارییان لە كۆنگرەی پاریس كرد. بە داخەوە دوای هەوڵەكانمان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی فیدڕاڵ و نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدراڵ، ئەم بابەتە یەكلا نەبووەوە، ئەمە لە كاتێكدا كە كاریگەرترین هێز كە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ و كردەیی ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش وەستاوە، هێزی پێشمەرگەی كوردستانە.
ئێمە نیگەرانی و ناڕەزایەتیی خۆمان و خەڵكی كوردستان ئاڕاستەی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ دەكەین كە تاكلایەنە بەشداریی ئەم كۆنگرەیەیان كرد و گوێیان بە داوەتنامەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نەدا كە دەخوازن لەسەر ئاستی عێراقدا هەمووان بەشدار بن، هەرێمی كوردستان وەك تاكە هەرێم لە عێراقی فیدراڵ بە مافی رەوای خۆی دەزانێت لەم جۆرە كۆنگرە و كۆبوونەوانەدا نوێنەری خۆی هەبێت و گوزارشت لە هەڵوێست و سیاسەتی هەرێمی كوردستان بكات كە ئەمەیش مافێكی دەستوورییە و ماددەی ١٠٥ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق ئاماژە بە هاوسەنگیی نوێنەرایەتیكردن لە نێوەندە نێودەوڵەتییەكاندا دەكات.

هەواڵی پەیوەندیدار