كەمپێكی دیكە بۆ ئاوارەكانی زاخۆ دروست دەكرێت

زاخۆ-KDP.info - 140 هەزار ئاوارە لە سنووری شارۆچكەی زاخۆ هەن و 3 كەمپ بۆ ئەو ئاوارانە دروست كراون، بڕیاریش وایە كەمپێكی دیكە دروست بكرێت كە شوێنی هەزار خێزانی تێدا دەبێتەوە.
(خەلیل مەحموود) قایمقامی شارۆچكەی زاخۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "140 هەزار ئاوارە لە سنووری زاخۆ نیشتەجێن و سێ كەمپیان بۆ دروست كراون كە زیاتر لە 8 هەزار خێزانیان تێدا دەحەوێنەوە و زیاتر لە 40 هەزار كەس دەبن، ئەوانی دیكەیش لە خانووە ناتەواوكراوەكاندا دەژین".
قایمقامی زاخۆ گوتیشی: "تا ئێستا توانیومانە بە هاوكاریی لایەنەكانی دیكە و دەستگا خێرخوازییەكان، بە شێوەیەكی رێكوپێك خواردن و خواردنەوە بەسەر ئاوارەكاندا دابەش بكەین، بۆیە لە رووی هاوكاریكردنیانەوە هیچ كێشەیەكیان نییە".
(خەلیل) ئاماژەیشی دا: "بڕیار وایە كەمپێكی دیكە دروست بكرێت كە ئەویش شوێنی هەزار خێزانی تێدا دەبێتەوە، هەروەها بۆردێك لە پارێزگای دهۆك دروست كراوە، لە هەر شوێنێكی پارێزگاكەدا كەمپ دروست بكرێت، بڕیار دراوە ئاوارەكانی ناو بینایە تەواونەكراوەكان بۆ ئەو كەمپانە بگوازرێنەوە".
ڕابین شێروانی




