٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەربەخۆیی کوردستان لە پۆڵۆنیا تاوتوو کرا

سەرچاوە: KDP.info

كڕاكۆڤ-KDP.info- ڕۆژی پێنج شەممە 28ـی مایس لە زانكۆی یاگێلۆنیان لە شاری كڕاكۆڤ، سیمینارێكی گرینگی شارەزایان بەڕێوە چوو، كە تایبەت كرابوو بە پرسی كوردستان لە ژێر ناوونیشانی "بەمیراتگرتنی ڕێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی نێوان عێراق و پۆڵۆنیا لە هەر ئەگەرێكی سەربەخۆیی كوردستاندا".

سیمینارەكە لە لایەن بەشی ئەورووپاناسیی زانكۆی یاگێلۆنیان لە كڕاكۆڤ و سەنتەری كوردی بۆ ڕاگەیاندن و زانیاری هاتبووە ڕێكخستن. نووسینگەی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵۆنیا، چاودێریی سیمینارەكەی لە ئەستۆ گرت.
لە سیمینارەكەدا 10 كەس لە پڕۆفیسۆر و دكتۆر و شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی لە چەندین زانكۆی پۆڵۆنیاوە بەشدارییان كرد و، تاوتووی كێشەكەیان لەو ڕوانگەیەوە كرد كە ئایا دوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، بارودۆخی نێودەوڵەتی و یاسایی هەرێمی كوردستان چۆن دەبێت لەسەر نموونەی ئەو ڕێككەوتننامانەی كە لە نێوان پۆڵۆنیا و عێراقدا هەیە؟.

بۆنەكە لە لایەن سەرۆكی بەشی توێژینەوەی نێودەوڵەتی و سیاسییەكانی زانكۆی یاگێلۆنیان (بۆگدان شلاختا) كرایەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تەك وڵاتی ئۆكراینا بابەتێكی زۆر جێبایەخی ئەو توێژەرە پۆڵۆنیاییانەیە كە گرینگی بە پرسە نێودەوڵەتییەكان دەدەن.
هەروەها (زیاد ڕەئووف) نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵۆنیا بەخێرهاتنی میوانەكانی كرد. لە دەسپێكی گوتاری كۆنفڕانسەكەیشدا، سوپاسی هەموو توێژەرانی كرد بۆ ئەو بەشداریكردنە لەو بابەتە بەپێز و گرینگە، دواتر باسی بارودۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی كوردستان و پارچەبوون و پەراوێزخستنی بەشەكانی عێراق لە ئاكامی حكوومەتەكەی (نووری مالیكی) و هێرشەكانی تیرۆریستانی داعشی كرد. هەروەها ئەو بناخە دەستووریانەی كە لەسەر بنچینەیدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار دەكات، ڕوون كردەوە و ئاماژەی بە جیاوازیی لە ڕێكخستن لەسەر ئاستی ئۆرگان و دامودەستگای حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق و كرۆكی ململانێ یاساییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، كرد.
(زیاد ڕەئووف) هەروەها تیشكی خستە سەر ئەوەی كە، هەروەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) لە كاتی سەردانەكەی بۆ ئەمەریكادا گوتی: باسی سەربەخۆیی كوردستان ئیتر ئەوە نییە ئایا دەبێت یان نا، بەڵكە كەی دەبێت؟.
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبووانی كۆنفڕانسەكەی ڕاگەیاند كە، هەرێمی كوردستان لە واری خۆئامادەكردندایە بۆ بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی.
دواتر یەكێكی دیكە لە ڕێكخەرانی كۆنفڕانسەكە پڕۆفیسۆر (پاڤیڵ چوبیك) لە زانكۆی یاگێلۆنیان ئاماژەی دا: "ئەگەر جیابوونەوەی كوردستان بە گوێرەی یاسا بێتە كایەوە، ئەوا بێگومان ددانپێدانانی نێودەوڵەتی بۆ كوردستانی سەربەخۆ مسۆگەر دەبێت".
لە میانەی گوتارەكانی تردا، شارەزایان شیكاری ئەوەیان كرد، ئایا هەڵوێستی كوردستانی سەربەخۆ چۆن دەبێت لە ئاستی ڕێككەوتننامەكانی نێوان پۆڵۆنیا و عێراقدا؟. یاساناسان زۆر پێشنیازی پڕبایەخ و گرینگیان خستە ڕوو بۆ دەسەڵاتدارانی كوردستان و، ئاماژەیان بەوە دا كە، كوردستانی سەربەخۆ لە بەرانبەر دوو بژاردەدا دەوەستێت. یان ئەوەتا لەسەر بنەمای جیابوونەوە (secession) هەنگاو دەنێت، كە ئەو كاتە كوردستان هەموو ڕێكەوتنەكانی عێراق و ڕێككەوتنە دووقۆڵییەكانی نێوان عێراق و پۆڵۆنیایش وەردەگرێت، یاخود لەسەر بنچینەی وڵاتێكی تازە، ئەو كاتە مەزهەبی "Tabula Rasa” جێبەجێ دەكات، واتە دەبێ كوردستانی سەربەخۆ سەرلەنوێ هەموو ڕێكەتننامەكان واژۆ بكات. شارەزایان بۆچوونیان وابوو، كە بژاردەی باشتر بۆ هەرێمی كوردستان بنەمای جیابوونەوەیە (secession).

لە كۆتایی كۆنفڕانسەكەدا نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵۆنیا سوپاسی میوانەكانی كرد بۆ ئەو هەموو ڕاوێژە گرینگ و سودبەخشە و، بەڵێنی لەچاپدانی ناوەڕۆكی سیمینارەكەی دا، چونكە ئەوە ئامۆژگاری و ڕاوێژییەكی زۆر بەنرخە بۆ كوردستان.
 

هەواڵی پەیوەندیدار