مۆڵگەكانی داعش لە میحوەری مەخموور وێران كران

هەولێر-KDP.info-بەرپرسی ڕاگەیاندنی میحوەری مەخموور ئاماژە بەوە دەدات، دوای چاودێریكردنێكی وردی بنكە و بارەگاكانی داعش لە میحوەری مەخموور، لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانەوە مۆڵگەكانی تیرۆریستان وێران كران.
(قادر حەسەن) بەرپرسی ڕاگەیاندنی میحوەری مەخموور – گوێڕ، لە لێدوانێكدا بە ماڵپەری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، دوای ئاگاداركردنەوەی هێزی هاوپەیمانان لەلایەن پێشمەرگەوە لەسەر بنكە و بارەگاكانی داعش لە میحوەرەكە، فڕۆكەكانی هاوپەیمانان بنكە و بارەگاكانی داعشیان وێران كردن.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی میحوەری مەخموور گوتیشی: "بە شێوەیەكی بەردەوام هێرش بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی داعش دەبرێت، هەرچەندە زانیاریی تەواو لە بەردەستدا نییە، بەڵام پێشبینیی كوژرانی ژمارەیەكی زۆری داعش دەكرێت".
ئەوەیشی خستە ڕوو، ناوە بە ناوە داعش بە كاتیۆشا هێرش دەكاتە سەر بارەگاكانی پێشمەرگە، بەڵام سەرجەمیان لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە وەڵام دەدرێتەوە و بارەگاكانیان دەپێكرێت.
(قادر حەسەن) هەروەها ئاماژەیشی دا: " پێشمەرگە جوڵەی لە داعش بڕیوە و لە هەر شێوێك جوڵە بكەن، دەبنە ئامانجی پێشمەرگە، ئەوەیش وای كردووە نە بتوانن پێشڕەوی بكەن و نە دەیشتوانن هێرش بهێنن".
كارزان هەورامی




