تەنیا هێز و چەك بۆ شەڕی داعش بەس نین، بیرۆكەی سیاسییش پێویستە

بەریتانیا -KDP.info-لە چاوپیكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی "بیبیسی"، (دەیڤد پاتریۆس) بەرپرسی پێشووی "سیئایئەی"، ڕێگایەكی نوێی بۆ سەركەوتن لە شەڕی داعشدا باس كردووە، ئەویش ڕێگەی سیاسییە.
لە چاوپیكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی "بیبیسی"، (دەیڤد پاتریۆس) بەرپرسی پێشووی "سیئایئەی" رایگەیاند کە، بە تەنیا ڕێگای سەربازی چارە نییە بۆ سەركەوتن لە شەڕی داعشدا، بەڵكە ڕێگای سیاسییش پێویستە و، دەبێت هەردوو ڕێگاییەكە هاوشانی یەكتری بن.
(پاتریۆس) كە ئەزموونێكی سەركەوتنی لە پێكدادانەكانی عێراقدا هەیە و ساڵی (٢٠٠٧) بەرپرسی هێزەكانی ئەمەریكا بووە لە عێراق، لەبارەی داعشەوە بۆ "بیبیسی" دەڵێت، داعش دوژمنێكی ترسناكە، ئەوان سوپایەكی تەقلیدییان هەیە كە ڕەگەزی یاخیبووانیان تێدایە، هەروەها پێكهاتەیەكی تیرۆریستیی گەورەیشن.
هاوكات ڕاپۆرتەكە ئاماژەیشی بە سەركەوتوویی (پاتریۆس) داوە لە ماوەی كاركردنیدا لە عێراق بە تایبەتی لە وریاكردنەوەی سوننەكان و بەگژداچوونەوەی قاعیدەدا، بۆیە ستراتیژییەتەكانی (پاتریۆس) بۆ گرژییەكانی ناو عێراق بە گرینگ ناو دەبات.
لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەدا (پاتریۆس) گوتوویەتی، تۆ ناوتوانێت هێزێكی توندڕەویی دەستكرد و خاوەن پێگەیەكی ئیداریی بەهێز، تەنیا بە هێزی چەكدار بڕوخێنیت، بەڵكە پێویستە بیرۆكەی سیاسییشت بۆ ئەو شەڕە هەبێت.
لە پێش هەموو شتێك پێویستە گوڕانكاری سیاسی لە سەرەوەڕا دەست پێبكات، پیویستە سوننەكان هان بدرێن بۆ ئەوەی پاڵپشتی عێراقی نوێ بكەن نەوەكو دژایەتی.
هۆشدارییشی لە ڕۆڵی ئێران لە ناوچەكەدا داوە، پێیشی وایە ئێران لەو هەرێمەدا وەكو هێزێك دەمێنێتەوە و، لە گرژییەكانی عێراق سوودمەند دەبێت.
سەرەڕای ئەوەی ئێستا لە كاردا نەماوە، بەڵام (دەیڤد پاتریۆس) ماوە ماوە سەردانی عێراق دەكات و، شارەزایی تەواوی لە كلیلە سەرەكییەكانی گەمەكانی ناو عێراقدا هەیە و، وەكو بەرپرسێكی شارەزا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، هەم لە لایەن ئەمەریكا و هەم لە لایەن عێراقیشەوە.
و/ خالید ئەحمەد




