لە مانگی پێنجیشدا هەولێر بە تەواوەتی پابەندی رێككەوتنی لەگەڵ بەغدا بووە

بەغدا-KDP.info-ئەندامێكی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، هەولێر لە مانگی پێنجیشدا هاوشێوەی مانگی نیسان بە تەواوەتی پابەند بووە بەرێككەوتنی لەگەڵ بەغدا، بۆیە پێویستە بەغدا ئەم مانگە ١٧% بوودجە رەوانە بكات.
ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (كاوە محەممەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەرێمی كوردستان لە مانگی پێنجدا هاوشێوەی مانگی نیسان زیاتر لە ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی بەغدا كردووە و بە تەواوەتی پابەند بووە بەرێككەوتنی لەگەڵ بەغدا، بۆیە پێویستە بەغدا ١٧% بەشەبوودجەی هەرێم رەوانە بكات و پارەی قەرەبووی ئەو نەوتەیش رەوانە بكات كە لە مانگی نیساندا نەیداوە".
(كاوە محەممەد) گوتیشی: "جارێ ناتوانین پێش ڕووداوەكان بكەوین كە بەغدا پارەی تەواو بۆ هەرێم رەوانە دەكات یاخود نا، بەڵام ئەگەر پابەند نەبێت، هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە پێنج كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە، مافی خۆیەتی رێگای دیكە بگرێتە بەر".
بڵند ئیبراهیم




