٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەتی هەرێم سوپاسی هاوكارییە مرۆییەکانی توركیای کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەركونسووڵی كۆماری توركیا لە هەولێر (مەمەد ئەكیف) دەڵێ: "بوونی ئێمە لە كوردستان تەنیا لە بواری ئابووری و بازرگانی نییە، بەڵكو لەڕووی مرۆڤایەتیشدا بەشداریمان هەیە و بەردەوامیش دەبین، هەروەها بەشداریمان كردووە لە مەشقدادانی پێشمەرگە لە ڕێگای وەزارەتی پێشمەرگەوە و لە ڕێگای كۆنسووڵگەریی گشتییەوە پێشمەرگەمان ناردووە بۆ چارەسەركردن لە توركیا."

لە دیدارێكی نێوان (د. دیندار زێباری) جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و (مەمەد ئەكیف ئینام) سەركونسووڵی كۆماری توركیا لە هەولێر، جەخت لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندییە ئابووری و مرۆیی و بازرگانییەكانی نێوان هەردوو لا و پەرەپێدانی كرایەوە.

(د. دیندار زێباری) ستایشی ڕۆڵی كۆماری توركیای كرد لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و گوتی: "ماوەی چەند ساڵێكە توركیا دەروازەیەكی سەرەكی گەیاندنی هەرێمی كوردستان بوو بە جیهانی دەرەوە، هەروەها سەرەكیترین دەروازە بوو بۆ هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە و زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری هەرێم لە ڕێگای توركیاوە بووە، ئەمەش كاریگەرییەكی ئیجابی هەبوو بۆ هەردوو لا لە بواری ئابووری و كۆمەڵایەتی و گەشتیاری."


(مەمەد ئەكیف ئینام) سەركونسوڵی توركیا خۆشحاڵیی خۆی درەبڕی بە پێشكەوتنی كوردستان و هەوڵی بەردەوامی حكوومەتی هەرێم بۆ بە موئەسەساتیكردنی دامودەزگاكانی و گوتی: "هیوادارین بەردەوام بین لە ئاڵوگۆڕی زیاتر و هاوكاریی بەردەوام دەربارەی بابەتە هەنووكەییەكان."

(مەمەد ئەكیف) دەربارەی كار لە كوردستان گوتی: "بوونی ئێمە لە كوردستان تەنیا لە بواری ئابووری و بازرگانی نییە، بەڵكو لەڕووی مرۆڤایەتیشدا بەشداریمان هەیە و بەردەوامیش دەبین، هەروەها بەشداریمان كردووە لە مەشقدادانی پێشمەرگە لە ڕێگای وەزارەتی پێشمەرگەوە و لە ڕێگای كۆنسووڵگەریی گشتییەوە پێشمەرگەمان ناردووە بۆ چارەسەركردن لە توركیا."

(د. دیندار زێباری) دەربارەی هەڵوێستەكانی كۆماری توركیا گوتی: "دوای هێرشەكانی داعش، توركیا هێشتی پێشمەرگە بە خاكی توركیادا بچن بۆ كۆبانێ و، شارەکە لە دەست تیرۆریستانی داعش ڕزگار بکەن؛ هەروەها ڕێگای بە پەنابەرانی ئەو شارە دا كە لە ڕێگای توركیاوە بچنە كوردستان؛ ئەمەش جێگای پێزانینە."

هەواڵی پەیوەندیدار