٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

هێمن هەورامی: پارتی دیموكراتی كوردستان سیاسەتێكی فرە ڕەهەند بۆ پەیوەندییەكانی دەرەوەی دەگرێتە بەر

سەرچاوە: KDP.info

خەبات: محەمەد زەنگەنە


لەدوایین گەشتی سەرۆك بارزانی بۆ ئیتاڵیا و توركیا كە لەهەردووكیاندا بەڕێزیان بە خوێندنەوەی وتار بەشداریی لە دوو كۆنگرەی هەرە گرنگی ناوچەكە كرد كە هەردوو كۆنگرەی CDI و كۆنگرەی پارتی داد وگەشەپێدان بوون، شێوە قەناعەتێك لەلایەن زۆرینەی خەڵكی كوردستان و بەڵكو زۆر لە چاودێرانیش گەڵاڵە بوو بەوەی سەرۆك بارزانی كەسێكی كاریگەری ناوچەكەیە و ناسیاوی و كاریگەریی تەنها لەچوارچێوەی ناوچەیەكدا نییە، هەروەها ئەوەشی سەلماند پرسی گەلی كورد گەیشتۆتە ئاستێكی پێشكەوتوو بەوەی كە زۆربەی وڵاتانی دونیا بەپەرۆشن بۆ ئەوەی ببنە دۆستی كورد، لەدیمانەیەكی تایبەت بە خەبات هێمن هەورامی بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان تیشك دەخاتە سەر دوایین گەشتی سەرۆك و ئەو پێشكەوتنەی پارتی لەڕووی پەیوەندییەكانی دەرەوە بەخۆیەوەی بینیوە و ئەو بەرنامانەی لەهەگەبەیاندایە بۆ ڕۆژانی ئایندە.
بەشداریی سەرۆك لە كۆنگرەی CDI
هەورامی لەبارەی بەشداریی سەرۆك لە كۆنگرەی CDI ئاماژەبەوەدا سەرۆك بارزانی بەفەرمی داوەتی بەشداریكردنی لە كۆنگرەی پارتە حزبە سەنتراڵیستەكانی جیهان كرد داوەتەكەش لە ڕێگەی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە بوو ئاشكراشیكرد لەهەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها پارتی دیموكراتی كوردستان داوەتی ئەم كۆنگرەیە كرابوو، هەورامی گوتی : گرنگیی بەشداریی سەرۆك بارزانی لەوەدا بوو كە پارتی تاكە حزب بوو كە داوەتی ئەو كۆنگرەیە بكرێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو ڕێكخراوەش تەنها یەك ئەندامی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە كە حزبی كەتائیبی لوبنانییە، پارتەكانی ئەندام لەو ڕێكخراوە لە 27 وڵاتی ئەكێتی ئەورووپایین كە لە 16 وڵاتدا حزبی باڵادەستن،هەروەها لەو كۆنگرەیەشدا پارتی سیاسی لە 36 وڵاتدا بەشداربوون، لە داوەتكردنی سەرۆك بارزانی بۆ ئەم كۆنگرەیە چەندین پەیام بەخۆوە دەگرێت لەوانە : گرنگیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلای CDI وهەوڵەكانیان بۆ فراوانكردنی ئەندامێتی تیایدا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەیامەكەی دیكەی لەوەدایە كە ئەوان هەرێمی كوردستان بەشوێنێكی گرنگ دەزانن بەوەی كە گرنگی و كاریگەریی تەنها لەعیراق نییە بەڵكو كاردانەوەی لەسەر هاوكێشە ناوچەیی و جیهانییەكانیش هەیە، وەك ئاگاداریشن ماوەیەك لەمەوبەر ئەلبێرتۆ سیێری كە جێگری سەرۆكی CDI یە هاتە هەرێمی كوردستان و لەنزیكەوە ڕەوشی سیاسی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان وپێشكەوتنی دیموكراسییەتی تیادا بینی بۆیە ئەو تێگەیشتنەیان لا دروست بوو كە هەرێمی كوردستان فاكتەری سەقامگیرییە لەناوچەكە و دەتوانێ ڕۆڵێكی باش لەسەقامگیریی ناوچەكە ببینێت و لەبواری وزەش كاریگەریی ئەرێنیی لەسەر دۆخی ئەورووپا و وڵاتانی دیكە هەبێت، جگە لەوەش ئەوان باش لەپێگەی پارتی لەهەرێمی كوردستاندا تێگەیشتوون بەوەی سەرۆكی پارتی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە وجێگری سەرۆكی پارتی سەرۆكی حكوومەتە و پارتی ڕۆڵێكی باش و كاریگەری لەهاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكەدا هەیە، ئەم فاكتەرانە هەموویان ڕۆڵیان لە داوەتكردنی سەرۆك بۆ ئەو كۆنگرەیە بینی. هەر بۆ زانیاریشتان لەو كۆنگرەیەدا 8 سەرۆك وەزیران بەشداربوون كە سەرۆكی حزبەكانیانن و حزبەكانیان حوكمڕانن و لەڕێوڕەسمی وتار خوێندنەوەشدا سكرتێری CDI وسكرتێری پارتە دیموكراتەكانی ئەورووپا و سەرۆك وەزیرانی وڵاتە بەشداربووەكان و سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا كە بەناوی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا وتاریان پێشكەشكرد، ئەمەش لەخۆیدا پەیامێكی گرنگە بەوەی پێگەی ناوخۆی پارتی كاریگەریی بەسەر پەیوەندییە دەرەكییەكانیشی هەبووە.
دیداری سەرۆك لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا
هەورامی ئەوەی خستەڕوو دیداری سەرۆك بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا وپێشوازییەكەی لەئاستێكی بەرزدابوو تیایدا باسی بارودۆخی سووریا كرا بەوەی ئیتاڵیا وڵاتێكی گرنگی یەكێتیی ئەورووپایە وڕۆڵێكی باشی تیادا دەگێڕێت وئەوانیش باش لەڕۆڵی كورد گەیشتوون لە ناوچەكەدا.ئاماژەی بەوەشدا لە كۆنگرەی  CDI  لەكاتی پێشوازیی سەرۆكی شاندەكان لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانی ئیتاڵیاوە سەرۆك بارزانی بەیاوەریی سەرۆك وەزیرانی وڵاتانی ئێرلەندا و یۆنان و ئیسپانیا و هەنگاریا و ئەلبانیا بەیەكەوە دانیشتبوون و سەرۆك وەزیرانی یۆنان هاتە لای سەرۆك بارزانی و پێی گوت: من بەئێوە و بەسەركردایەتیی ئێوە سەرسامم و بۆ هەر كوێ بڕۆیت لەگەڵتاندام.
شانازی بەپەیوەندییەكانی پارتی لەگەڵ حزبەكانی ئەورووپا دەكەین
بەپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دووپاتیكردەوە پارتی هەمیشە شانازی بە پەیوەندیی پتەوی لەگەڵ حزبە مەسیحییەكانی ئەورووپا دەكات و هەمیشە كار بۆ هەبوونی پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ ڤاتیكان دەكات و ئاماژەی بەوەشدا پێكهاتەیەكی گرنگی كریستیانەكان لەهەرێمی كوردستاندا هەیە وگوتی:پارتی دیموكراتی كوردستان ئەندام نییە لە CDI وناشبێتە ئەندام تیایدا چونكە پارتی پرسێكی ئایدیۆلۆژیی نییە بەڵكە پرسەكەی نەتەوەییە،بەر لەو بەشدارییەش پارتی داوەتی گۆنگرەی سۆسیال دیموكراتەكان كراوە و چالاكانە بەشدارییان تیادا كردووە كە لە 6/9/2012 دوایین كۆنگرەیان بوو، لویس ئەیالا سكرتێری ڕێكخراوەكە داوەتی فەرمیی بۆ سەرۆك بارزانی ناردبوو بۆ بەشداریكردن تیایدا بەڵام بەهۆی كاری دیكەوە بەشداری بكات وشاندێكی پارتی بەشداریی تیادا كرد، ئێمە لە حزبی كۆمۆنیستی چین پەیوەندیی باشمان هەیە، تاكە مەبەستی ئێمەش لەبەستنی ئەو پەیوەندییە فرە ڕەهەندانە ئەوەیە ئێمە دەمانەوێ پەیوەندیی دۆستایەتیی نێوان گەلی كورد و گەلانی دیكە فراوان بكەین چونكە ئێمە دۆزێكی نەتەوەیی سیاسیمان هەیە و دەمانەوێ تێگەیشتنە هەڵەكان چاكتر بكەین بۆیە ئێمە هەوڵی ئەوەمان داوە پەیوەندیی دیپلۆماسیی فرە ڕەهەندمان هەبێت، داوەتی پارتی بۆ ئەو كۆنگرەیە بۆ ئەوە نەبووە كە تاكە حزبی نامەسیحییە، جارێ ناوی ئەو ڕێكخراوە واتا CDI پارتە دیموكراتە میانڕۆكانە خۆ پارتی دیكەی نامەسیحیش تیایدا ئەندامن بەڵام وادیارە خەڵكانێك هەن پێگەی بەهێزی پارتی و بەهێزیی ڕۆڵی پارتییان پێ هەزم ناكرێ دەیانەوێ بەم جۆرە شتانە لەگرنگیی ئەم دەستكەوتانە كەمبكەنەوە، كە ناتوانن بیكەن.
بەشداری لە كۆنگرەی حزبە لیبڕاڵییەكانی جیهان
هێمن هەورامی نیشانیدا، لەماوەیەكی نزیكدا واتا لە 17/10ی ئەمساڵ پارتە لیبڕالەكانی جیهان لەیەكێك لە وڵاتە ئەفریقییەكان بەڕێوە دەچێت و ئاشكرایكرد شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان داوەتی ئەم كۆنگرەیە كراوە ئاماژەی بەوەشدا ڕێكخراوی یەكێتیی دیموكراتەكانی جیهان كە لەگەڵ CDI هاوكۆكن پارتی دیموكراتی كوردستانیان داوەتكردووە، جگە لەوەش شاندێكی باڵای پارتی لە 16/10ی ئەمساڵ دەچنە چین بەداوەتی پارتی كۆمۆنیستی چین بۆ ئەوەی لەنزیكەوە ئاگاداری پێشكەوتنی باری سیاسی و ئیعلامیی چین بن و لە14ی ئەم مانگەشدا شاندێكی پارتی بەشداریی كۆنگرەی باڵای بەدەپە لە توركیا دەكات. ئەمەش دەیسەلمێنێت دیپلۆماسییەتی فرە ڕەهەندی پارتی سەركەوتنی بەدەستهێناوە
داوەتی سەرۆك بۆ كۆنگرەی AKP
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ خەباتی دركاند كە داوەتكردنی سەرۆك بارزانی بۆ كۆنگرەی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا AKP كە ڕەجەب تەیب ئۆردوگانی سەرۆك وەزیرانی توركیا سەرۆكایەتیی دەكات بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەلایەن خودی ئۆردوگانەوە بووە، هەورامی ئاشكرایكرد داوەتەكە لەڕێگەی عومەر چەلیكی جێگری سەرۆكی AKP و بەرپرسی پەیوەندییەكانییەوە ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرا و لەڕێگەی مەكتەبی پەیوەندییە دەرەكییەكانی پارتییەوە ئاراستەی سەرۆك بارزانییەوە كرابوو و گوتی: حەزدەكەم خوێنەرانی خەبات و جەماوەری كوردستان بەگشتی لەوە ئاگاداربن كە داوەتی سەرۆك بارزانی بۆ كۆنگرەی پارتی داد و گەشەپێدان ڕاستەوخۆ لەلایەن بەڕیز ئەردۆگانەوە بووە وبەناوی خۆی، ئەم داوەتە مانگێك ونیو بەر لەكاتی كۆنگرەكە ئاراستەی بەڕێزیان كرا و سەرۆك بارزانی یەكەمین كەس بوو لەكەسایەتییە سیاسییەكانی عێراق بۆ ئەو كۆنگرەیە داوەتبكرێت وجەنابی سەرۆك قبووڵی كرد. من دەمەوێ لێرەدا ئاماژە بەدووشتی زۆر گرنگ بدەم، یەكەمیان: لەمیانەی كۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی لەگەڵ ئەحمەد داوود ئۆغڵوی وەزیری دەرەوەی توركیا ئەوەی پێمان گوت: لەگەڵ ڕێزم بۆ هەموو ئەوانەی داوەتكرابوو كە 102 شاند و نزیكەی 8 سەرۆك وڵات بوون بەڵام ئێمە2 میوانی زۆر ستراتیژیمان هەبوو یەكێكیان جەنابتانن بەڕێز بارزانی و ئەوەی دیكەیشیان محەمەد مورسیی سەرۆكی میسڕ بوو.
داوود ئۆغڵو ئەوەشی گوتبوو كە لەگەڵ ئەوەی سنوورەكان ناگۆڕدرێن بەڵام ڕیزبەندیی هاوپەیمانییەكان دەگۆڕدرێن، جاران لەنێوان هەرێمی كوردستان وتوركیا تەنها پرسی پەكەكە هەبوو ئێستا ئەم پرسە بۆوەتە پرسێكی لاوەكی.
دەمەوێ لێرەشدا ئاماژە بەقسەیەكی نووسەری بەناوبانگی توركیا جەنگیز چاندار بكەم كە گوتبووی توركیا تەنها لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا كێشەی نەماوە. دووهەمیان، لەگەڵ گەیشتنی سەرۆك بارزانی بۆ ئەنقەرە ئەو ئێوارەیە میواندارییەك بۆ سەرۆكی شاندە بەشداربووەكان كرا لەبارەگای سەرەكیی ئاك پارتی كە تەنها سەرۆكی 25 شاند تیایدا ئامادەبوون ودوای نانخواردن ئەردۆگان نزیكەی 2 كاتژمێر لەگەڵ سەرۆك بارزانی بەشێوازێكی تایبەت دانیشتووە و دواتریش وەزیری دەرەوە و چەند سەركردەیەكی ئاكپارتیش لەگەڵ بەڕێزیاندا دانیشتن، ئێمە لەوێدا چی دەخوێنینەوە؟ ئەمە توركیایە هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بەهەرێمی كوردستاندا گۆڕیوە نەك سەرۆك بارزانی یان ئێمە لەهەرێمی كوردستان هەڵوێستی خۆمان لەبارەی چۆنییەتیی چارەسەركردنی پرسی كورد لەتوركیا یان هاوكێشە ئیقلیمییەكان گۆڕی بێت، ئێمەش لەپارتی دیموكراتی كوردستان خۆمان ناكەینە بەشێك لەهیچ میحوەر بەندییەك بەڵكو تەنها پابەندی ئەو فاكتەرانەن كە بەرژەوەندیی گەلی كوردستانی تیادایە و بواری سیاسی و ئابووریی بەهێز بكات و دۆستایەتیی فراوان بكات بەشێوەیەكی هاوسەنگ دوور لە پرەنسیپی (تابع ومتبوع) بەڕێزگرتنی هاوبەش وتەدەخول نەكردن لەكاروباری كەس.
كاریگەریی وتاری سەرۆك
هەورامی نیشانیدا خوێندنەوەی وتارێك لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە بەزمانی كوردی كاریگەریی زۆری بەسەر ئەندامانی كوردی پارتی داد وگەشەپێدانەوە هەبوو و بەگەورەترین دەستكەوتی سیاسی ومەعنەوی و سایكۆلۆژییان بۆ دۆزی كورد لە توركیا و ناوچەكە لەقەڵەمدا و دووپاتیكردەوە ئەو بەشدارییەی سەرۆك بارزانی كۆمەڵێك تەلیسمی سایكۆلۆژی و سیاسیی شكاند و گەورەییەكەشی لەئایندەدا زیاتر دەردەكەوێت. هەروەها گوتی: جەماوەرێكی زۆری كورد كە ئامادەی كۆنگرەكە بوون واتا ئەندامانی كۆنگرەی ئاكپارتی كە كوردن بەبینینی سەرۆك بارزانی فرمێسك لەچاویاندا دەهاتە خوارەوە و حەزیان دەكرد لەگەڵ سەرۆك بارزانی قسە بكەن و لەگەڵیدا وێنە بگرن ویەكێك لەنەوەكانی شێخ سەعیدی پیران بەسەرۆك بارزانیی گوت: بەبینینی جەنابتان وادەزانم شێخ سەعید زیندوو بووەوە، وەك ئاگاداریشن سەرۆك لەگەڵ چەندین كەسایەتیی كاریگەری كوردی توركیا كۆبۆوە لەوانەش دەنگیر محەمەد فورات كە جێگری ئاكەپە بووە، بەڵام وەكو تێبینییەك لەسەر كۆنگرەكە بەگشتی، ڕاستە ناوی هەرێمی كوردستان لەو كۆنگرەیەدا نەهێنرا بەڵام شێوازی پێشوازی لەسەرۆك بارزانی و ئەو حەفاوەتەی بۆ بەڕێزیان نیشاندرا چ لەفڕۆكەخانە لەكاتی گەیشتنی وگەڕانەوەی چ لە كاتی كۆنگرە یان لەدانیشتنە دووقۆڵییەكان هەموویان پرۆتۆكۆڵێكی تایبەتن بەسەرۆكی وڵاتان و ئەو پڕۆتۆكۆڵەی بۆ سەرۆك بارزانی كرا هەمان ئەو پڕۆتۆكۆڵە بوو كە بۆ محەمەد مورسی و بۆ سەرۆك وەزیرانی پاكستان وقیرغیزستان وقوبرسی توركیا كرا، بەڵام هەندێك لایەن هەن ئەم سەركەوتنانەی پارتی بەشكست بۆ خۆیان دەزانن لەجیاتی دەستخۆشی وەكو سەركەوتنێك بۆ پرسی گەلی كورد لەڕووی سایكۆلۆژییەوە بەتێكشكانی لەقەڵەمدەدەن و ئێمە بەهیچ شێوەیەك گوێیان پێنادەین.
سەرۆك بارزانی سەرۆكی شەرعیی هەرێمی كوردستانە
هێمن هەورامی ئەوەی دووپاتكردەوە كە سەرۆك بارزانی بەو پێیەی خاوەنی زیاتر لە 70%ی دەنگەكانی خەڵكی كوردستانە وسەرۆكی هەڵبژێردراوەی كوردستانە و لەنێو كەسایەتییە سیاسییەكانی عیراقدا تاكە سەركردەی هەڵبژێردراوە بەدەنگدانی ڕاستەوخۆی خەڵك بەبێ تەوافوق وڕێككەوتنی سیاسەتمەداران بۆ دانانی كەسێك لە پۆستێك وگوتی: سەرۆك بارزانی لەهەر شوێنێك بێت و بەهەر ناوێك داوەتكرابێت مافی خۆیەتی بەنوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستانەوە تەعبیر لە بۆچوونەكانیان بكات.
پێشكەوتنی سیاسی لەنێوان كوردستان و توركیا
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی تیڕوانینی ئێستای توركیا بەرامبەر هەرێمی كوردستان دووپاتیكردەوە لە سیاسەتدا ناوەڕۆك زۆر لە شتە شكلییەكان گرنگترە وئەوەی هێنایەوە یاد كەلەمانگی شوباتی ساڵی2008 توركیا100 هەزار سەربازی هێنایە سەر سنوور بۆ پەلاماردانی هەرێمی كوردستان و بەهیچ شێوەیەك مامەڵەیان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا نەدەكرد بەڵام ئێستا بارودۆخ بەیەكجاری گۆڕاوە بەوەی كە ئەوان ئێستا كونسوڵخانەیان لەهەرێمی كوردستاندا هەیە، سەرۆك وەزیرانیان دێت بۆ هەرێمی كوردستان و سەرۆك بارزانی وەكو سەرۆكی كوردستان داوەتی توركیا دەكرێت و وەزیری دەرەوەی توركیاش 3 جار هاتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستاندا كۆبۆوە و زۆرجاریش سەردانەكانی بەرپرسانی توركیا بۆ كوردستان بەبێ گەڕانەوەیە بۆ بەغدا بەنموونەی سەردانی وەزیری وزەی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان وئەنجامدانی كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدا، هەروەها گوتی: ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین ئاكپارتی هەموو شتێكی بۆ كورد لە توركیا كردووە، لەگەڵ بۆچوونی بەدەپە و لایەنەكانی دیكەش نین بەوەی هیچ بۆ كورد نەكراوە لەتوركیا، پێویستە ئێمە پڕاگماتیتر بین بەڵێ شت كراوە و پێویستە شتی زیاتریش بكرێن.
هەڵوێستی BDP
هەورامی ئەوەی ڕەتكردەوە بەدەپە ڕەخنەی لە وتاری سەرۆك بارزانی گرتبێت و نیشانیدا تەنها سەڵاحەددین دەمیرتاش وەكو هەڵوێستێكی تاكە كەسی قسەی كردبوو و پارتیش وەڵامی دایەوە، بەڵكو ئەحمەد تورك ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و خوێندنەوەی وتار بەزمانی كوردی لەبەردەم 1275 ئەندامی كۆنگرە و هەموو كابینەی حكوومەت وپەرلەمانتارانی ئاكپارتی و 12000 كادیری ئاكپارتی و25 هەزار كادیریان لەدەرەوەی هۆڵەكە وهەزاران كەناڵی میدیایییەوە بەسەركەوتنێكی گەورە لەقەڵەمدابوو بەوەی سەرۆك بارزانی پەیامی گەلی كوردی گەیاند كە كورد میللەتێكی ئاشتیخوازە و دۆزەكەی بەچەك چارەسەر ناكرێت و بەچەكیش نوێنەرایەتیی ناكرێت وخەڵكی تێگەیشتووی باكووری كوردستان لەم پەیامە گەیشتوون. ئێمە وەك كاك نێچیرڤان لەدیمانەی لەگەڵ ڕۆژنامەی ستاری توركیدا ئاماژەی پێیدا هاوكاریی چارەسەریی ئاشتییانە دەكەین بەوەی پەكەكە چەك دابنێت و سوپای توركیاش بۆردومانی ناوچە سنوورییەكان بوەستێنێت وبەدەپەش هەڵمەتی نێگەتیڤانەی لەدژی حكوومەت ڕابگرێت، ئەگەر ئاكپارتی لەڕێی دیالۆگەوە لەگەڵ هەركەسێك ئەگەر ئۆجەلانیش بێت بتوانێت هەنگاوێكی باش بنێت هەقە ئەو دیاڵۆگە ئەنجامبدات ئەمە جگە لەهەمواركردنی دەستوور و ئازادكردنی گیراوە سیاسییەكانی كەجەكە و وەستاندنی هەڵمەتەكانی دەستگیركردنی سیاسەتمەدارانی كورد پێشمانوایە توركیا سەنتەری چارەسەرییە و پێویستە چارەسەریی دیالۆگ بكرێت جا لەهەر كوێ بێت لەئیمرالی لەقەندیل یان هەولێر یان ئەنقەرە.
پەیوەندیی پارتی و یەكێتی لەئاستێكی باشدایە
هەورامی هەموو ئەو قسانەی ڕەتكردەوە گوایە پەیوەندیی نێوان پارتی ویەكێتی لەتێكچووندان ونیشانیدا پەیوەندییەكان ئاسایین ولەچوارچێوەی ڕێككەوتنی ستراتیژین وڕاستە بۆچوونی وا دروست بووە كە پێویستە چاوخشاندن بەڕێككەوتنی ستراتیژی بكرێت و پارتیش دەیەوێ بۆ بەهێزكردنی چاوی پێدا بخشێنێتەوە، هەروەها دووپاتیكردەوە پارتی هیچ كاتێك دەرگای گفتوگۆی بەڕووی كەس دانەخستووە و دایناخات بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتیش كۆبوونەوەیانی لەگەڵ یەكێتی بەئیجابی زانیوە و كۆبوونەوەیانی لەگەڵ پارتی بەسەركەوتوو وەسفكرد و بەفاكتەری هێنانەدیی سەقامگیریی سیاسی لەقەڵەمدا.
هەروەها گوتی: ئایندەی نەتەوەییمان بە یەكڕیزیی هێزولایەنە سیاسیەكانمان لەبارەی پرسە چارەنووسسازەكانەوە گەشترو ئارامتر دەبێت.
هەورامی ئاشكرایكرد ئێستا مەكتەبی پەیوەندییەكان خەریكی چاودێریكردنی بارودۆخی میسڕە وكاریشی لەسەر دەكات بۆ ئەوەی هەوڵی بەستنی پەیوەندیی لەگەڵ حزبەكانیان بكرێت بەوپێیەی میسڕ وڵاتێكی گرنگی ناوچەكەیە ونیشانیدا پێشكەوتنی بەرچاو لەگەڵ پارتی سوسیالیستی فەڕەنسا هاتۆتە دی و ئاشكرایكرد لە 8ی ئەم مانگەدا لەپاریس كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حزبی سۆسیالیستی فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت و شاندێكی پارتیش بەشداریی كۆنگرەی ئەو پارتە دەكات كە لە26ی مانگ بەڕێوەدەچێت و هەوڵی زۆر دەدرێت پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ حزبە سیاسییەكانی وڵاتانی گرووپی 20ی جیهان ببەسترێت بەشێوەیەكی سیستەماتیك.

هەواڵی پەیوەندیدار