٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆكی پەیمانگای جیۆنجی: كورد میللەتێكی هۆشمەندە و پێوەندیی لەگەڵ كۆریای باشووردا زۆر پتەوە

سەرچاوە: KDP.info

سیئۆل-KDP.info- سەرۆكی پەیمانگای پێشكەوتنی توانای مرۆیی جیۆنجی، دەڵێت، كورد میللەتێكی هۆشمەندە و پێوەندیی لەگەڵ كۆریای باشووردا زۆر پتەوە؛ خوازیاریشن ساڵ بە ساڵ ئەزموونی زیاتر لە رووی حكوومەتی ئەلیكترۆنی و سیستەمی پێشكەوتنی نوێی جیهانەوە، بە هەرێمی كوردستان بدەن.


بە دووریی 30 كیلۆمەتر لە سیئۆلی پایتەختی كۆریای باشوور، پەیمانگای پێشكەوتنی توانای مرۆیی جیۆنجی هەیە، كە ساڵانە لەو پەیمانگایەدا كۆریای باشوور مەشق و راهێنان لە بابەت زۆر سێكتەردا بە ژمارەیەكی زۆر لە كادیرانی حكوومەت لە رۆژهەڵاتی ناوین و وڵاتانی ئەمەریكای لاتین و ژمارەیەك وڵاتی ئەورووپا و ئەفریقا دەكات.
ئەو پەیمانگایە لە كۆریای باشوور لەلایەن حكوومەتەوە سەپۆرت دەكرێت و ئاژانسی كۆیكایش گرێبەستی لەگەڵ كردووە، چونكە بەناووبانگترین پڕۆفیسۆرەكانی كۆریا لەو پەیمانگایەدا وانە دەڵێنەوە و لە ئاست ئەو وڵاتەدا ناوێكی ناسراوە.
سەرۆكی پەیمانگەی پێشكەوتنی توانای مرۆیی جیۆنجی (ئیکسو پارک) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئەو زۆر خۆشحاڵە بە توانای مرۆیی هەرێمی كوردستان و ئەو گرووپەی لە لایەن هەرێمەوە وەك شاند بە رێگەی ئاژانسی كۆیكاوە لە پەیمانگاكەدا وانە دەخوێنن، "بە راستی لە زۆربەی وڵاتانی دیكە جیاوزان، بۆیە ئێمە بە تایبەت لە وانەكانمان تایبەتمەندیی كوردستانمان رەچاو كردووە و بە جیاواز لە وڵاتانی دیكە لە رووی ئاست و فێركاریدا حسێبمان بۆ كردوون".
(ئیکسو پارك) دەڵێ، كورد میللەتێكی هۆشمەندە و پێوەندیی هەرێمی كوردستان و كۆریای باشوور تا دێ بە شێوەیەكی خێرا روو لە گەشە دەكات و بۆ داهاتوویش پێوەندییەكە فراوانتر دەبێ، وەك باسی كرد زۆر تامەزرۆیە كە ساڵی دادێ سەردانی هەولێر بكات.
پەیمانگای جیۆنجی یەكێك لەو پەیمانگا بەناووبانگانەی كۆریای باشوورە كە كادیرانی زۆرترین وڵاتانی جیهان لە رووی توانستی مرۆیی و سێكتەرە جیاوازەكان لەوێدا وانەیان پێ دەگوترێتەوە.
ئەمساڵ بۆ هەرێمی كوردستان ئەو پەیمانگایە بەجیاواز لە ساڵانی دیكە دەركەوت بە هەڵواسینی ئاڵای كوردستان و دانانی ناوی حكوومەتی هەرێم لە پەیمانگاكەیان.
(پارك)، دەیشڵێ، "بەو هیوایەم كە لە رووی حكوومەتی ئەلیكترۆنی و پێشكەوتنی دیجیتالی و سیستەمی پێشكەوتنی نوێی جیهاندا، ساڵ دوای ساڵ ئەزموونی زیاتر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بدەین".
شاو كوردی

هەواڵی پەیوەندیدار