د.فوئاد حوسێن هاوخەمی و سەرەخۆشیی سەرۆك بارزانی بە كۆنسووڵخانەی ئەمەریكا ڕاگەیاند

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم، بە مەبەستی گەیاندنی پرسەنامە و هاوخەمیی (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی گیانلەدەستدانی (بو بایدن)ـی كوڕی (جۆو بایدن)ـی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا سەردانی كۆنسووڵخانەی ئەمەریكای كرد و ستاییشی رۆڵی (جۆو بایدن) جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای كرد كە، هەمیشە پشتگیری لە ئەزموونی هەرێم و گەلی كوردستان كردووە.
بە مەبەستی گەیاندنی پرسەنامە و هاوخەمیی (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە بۆنەی گیانلەدەستدانی (بو بایدن)ـی كوڕی (جۆو بایدن)ـی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، پاشنێوەڕۆی ئەمڕۆ (د. فوئاد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و (فەلاح مستەفا) بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت، بە نوێنەرایەتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێم، سەردانی كۆنسووڵگەریی گشتیی ئەمەریكایان لە هەولێر كرد و لەلایەن (جۆزێف پێننیگتۆن) كۆنسووڵی گشتیی ئەمەریكا و بەرپرسانی كۆنسووڵگەرییەوە پێشوازییان لێ كرا.
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم بە ناوی (سەرۆك بارزانی)ـیەوە وێڕای نیشاندانی هاوخەمی و سەرەخۆشیكردن لە (جۆو بایدن) و گەل و حكوومەتی ئەمەریكا، ستایشی رۆڵی (جۆو بایدن) جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای كرد كە هەمیشە پشتگیری لە ئەزموونی هەرێم و گەلی كوردستان كردووە، هەروەها چەندین جار سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردووەتەوە.
لە بەرانبەردا (جۆزێف پێننیگتۆن) كۆنسووڵی گشتیی ئەمەریكا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوخەمی و هاوسۆزی و ئەو سەردانەی بەرپرسانی هەرێم نیشان دا و دڵنیای كردنەوە كە پەیامەكە دەگەیەننە واشنتن، جەختیشی لە پەیوەندیی پتەو و دۆستایەتیی نزیكی هەردوولا كردەوە.




