٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بەغدا ناتوانێت ئەو سیاسەتەی بەرانبەر سوننە كردی، بەرانبەر كوردیش پێڕۆی بكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "ئەو بڕەپارەیەی بڕیارە لەم مانگەدا بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت، مانای ئەوە نییە بەغدا خێرمان پێ دەكات، ئێمە نەوتمان داونەتێ و دەبێت پابەندی ڕێككەوتنەكە بن". ڕوونیشی دەكاتەوە، بەغدا ناتوانێت ئەو سیاسەتەی بەرانبەر بە سوننە بەكاری هێنا، بەرانبەر كوردیش پێڕۆی بكات.

(ڕێناس جانۆ) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق،  بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەغدا سیاسەتێكی خراپ بەرانبەر سوننەكان پێڕۆ دەكات، بە تایبەتی لە پرسی لادانی (ئەسیل نوجێفی)ـی پارێزگاری مووسڵ، كە ئەمە لێدانە لە سەركردایەتیی سوننە، بەڵام ناتوانن ئەو مامەڵەیە لەگەڵ كورد بكەن، چونكە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان باش دەیانخوێنێتەوە".
(جانۆ) گوتیشی: "ئێستا بەغدا بڕیاری داوە بڕەپارەیەكی باشتر لە مانگەكانی پێشوو بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، بەڵام ئەمە مانای خێرپێكردن نییە، چونكە ئێمە لە مانگی ڕابردوودا ڕۆژانە زیاتر لە 550 هەزار بەرمیل نەوتمان ڕادەستی سۆمۆ كردووە، ئێستایش دەبێت ئەوان پابەندی ڕێككەوتنەكە بن".
ئەو ئەندامەی ئەجوومەنی نوێنەران ئەوەیشی خستە ڕوو: "پێشبینی دەكرێت ئەم بڕیارەی بەغدا بۆ نادرنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان، پەیوەندیی بەو هەڵوێستە توندەی هەرێمی كوردستانەوە هەبێت كە ڕایگەیاند، ئەگەر بەغدا بە ڕێككەوتنەكەوە پابەند نەبێت، ڕێگای دیكە دەگرینە بەر".
كارزان هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار