لێدانی خەندەق لە سەعدییە، جەلەولا و قەرەتەپە دەستی پێكرد

هەولێر-KDP.info-بەرپرسی ناوچەی پارتی لە جەلەولا ئاماژە بەوە دەدات، بۆ ڕێگریكردن لە پێشڕەویی داعش بۆ سنوورەكە، لە چەند شوێنێكی شارەكەدا دەست بە هەڵكەندنی خەندەق كراوە و، دوای ئەو پلانەیش هێرشی تیرۆریستان زۆر كەم بووەتەوە.
بەڕێوەبەری ناوچەی سەعدییەی پارتیی دیموكراتی كوردستان (ئەحمەد زەرگووشی)، بۆ مێدیا عێراقییەكان ڕایگەیاند، بە درێژایی 10 كیلۆمەتر، خەندەق لە بەشی ڕۆژهەڵات و باكووری سەعدییە لێ دەدرێت، هەڵكەندنی ئەم خەندەقەیش دەبێتە هۆی پچڕانی پەیوەندیی ناوەندی سەعدییە لەگەڵ تەلال حەمرین بۆ ڕێگریكردن لە هاتنی تیرۆریستانی داعش و ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكانیان بۆ ئەم ناوچەیە.
بەرپرسی ناوچەی پارتی لە جەلەولا (عامر ڕەفعەت) لە لێدوانێكدا بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموركراتی كوردستانی گوت: "ئێستا كاركردن لە خەندەقەكەدا بەردەوامە و لەبەر هۆكاری ئەمنی شوێن و جوگرافیاكەی ئاشكرا ناكرێت، بەڵام هۆكاری سەرەكیی ئەم بیرۆكەیە ئەوەیە كە، داعش لە سنوورەكە داببڕێندرێت".
(عامر) گوتیشی: "سەرجەم خەندەقەكان لە ژێر سەرپەرشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لێدەدرێن و ئەوان نەخشەیان داناوە و چاودێریی وردیشی دەكرێت".
دەشڵێت: "لە دوای ئەو بیرۆكەیە، ڕێژەی كارە تیرۆریستییەكان كەم بووەتەوە، چونكە بەشێك لە تەقینەوەكان بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو ئەنجام دەدران، لێدانی خەندەقەكەیش لە قەرەتەپە، سەعدییە و جەلەولا دەستی پێكردووە".
كارزان هەورامی




