ڤیدیۆ؛ سی ئێن ئێن باس لە سیناریۆی دابەشبوونی عێراق دەکات

واشنتن-KDP.info- عێراق کە کەمێک لە ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمەریکا گەورەترە، بە بڕوای زۆرێک لە شارەزایان بەسەر سێ پێکهاتەدا دابەش دەبێ؛ یەکەم کورد کە ١٧%ـی گەلی عێراق پێک دێنێ، عارەبی سوننە کە ٢٠% و، عارەبی شیعەیش ٦٠%ـی پێک دێنێ.
سی ئێن ئێن ئاوا باس لەو دابەشکارییە دەکات و دەڵێ، سوننە ماوەیەکی زۆر حوکمی عێراقیان کرد، چونکە (سەددام حوسێن) سوننی بوو؛ بەڵام لە حکوومەتی ئێستادا شیعە زۆرینەیە؛ هەڵبەت ململانێ لە نێوان شیعە و سوننەدا هەیە و هەر ئەمەیشە وایکردووە داعش پەرە بستێنێ. ئاخر داعش باوەڕی وایە کە شیعە موسوڵمانی راستینە نین.
ئێستایش کە باس لە دابەشکردنی عێراق دەکەین بەسەر چەند پارچەیەکدا، ئەوا باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا بەر کورد دەکەوێ و هەڵبەت مووسڵیش دەگرێتە خۆی و لەنێو ئەو نەخشەیەدا دابێت؛ سوننەیش بەشەکەی نێوەڕاستی عێراقی بەر دەکەوێ کە، سنوورەکەی لەگەڵ ئوردن و سووریا دەبێ و تا بەغدا درێژ دەبێتەوە؛ بەڵام هەرچی شیعەیە بەشەکەی باشووری وڵاتیان پێ دەبڕێ.
کێشەی سیناریۆکە ئەوەیە کە لە هەر بەشێکدا سامانی سرووشتی هەیە، وەک نموونە زۆربەی سامانی نەوت دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەوە، کە لە خوێندنەوەی ئێستایدا دەکەوێتە ژێر فەرمانڕانیی کوردەوە، بە دڵنیاییەوە وەها پێدەچێت کە لە حکوومەتێکی نوێدا جا چ سوننە یان شیعە حوکمی بکات، هەوڵی بەدەستهێنانی لانی کەمی بەشێکی داهاتی ئەو سامانەی ژێر دەستی کورد بکات.
کێشەکەی دیکە لەسەر خاکە، دیارە کە هیچ کام لە پێکهاتەکانیش هێشتا نەیتوانیوە بە تەواوی کۆنترۆڵی وڵات بکات.
با لەو نەخشەیە بروانین و بزانین پێکهاتەکان چۆن دابەش بوون؛ دەبینین کە داعش هێشتا بەشێکی زۆری خاکی داگیر کردووە، بەڵام بەشەکەی دیکەی عێراقییەکان بەڕێوەی دەبەن، هەڵبەت لە باشترین حاڵەتدا ئەو حکوومەتە سەقامگیر نییە. بەڵام بۆ بەرجەستەبوونی وەها پڕۆژەیەک ڕەنگە پێویست بێ بەر لەوەی ئەو پڕۆسەیە دەست پێ بکات، عێراق پێویستی بە سەقامگیریێکی تەواو هەبێ.
زریان زیاد




