لیژنەکەی کەوتنی مووسڵ کاری خۆی تەواو کردووە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری کەوتنی مووسڵ دەڵێت، کاری لێکۆڵینەوەی لیژنەکەیان کۆتایی پێ ھاتووە و بڕیارە دوای پشووی پەرلەمان، ڕاپۆرتی ھاوبەشی لیژنەکەیان بخەنە بەردەم سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە.
ئەندامی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری کەوتنی مووسڵ (مەلا سالم شەبەک) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەی ئەوان لێکۆڵینەوەی لە سەرجەم ئەو بەرپرسانە کردووە کە ناویان ھاتبوو، ئێستا کاری لێکۆڵینەوە تەواو بووە و کەس نەماوە لێی بکۆڵنەوە.
(مەلا سالم شەبەک) گوتیشی، بڕیارە ھەر یەکێک لە ئەندامان ڕاپۆرتێک ئامادە بکات لەبارەی لێکۆڵینەوەکان و، دواتر ھەموو ڕاپۆرتەکان یەک دەخرێت و، دەبێتە ڕاپۆرتێک و، ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقی دەکەن.
(شەبەک) ڕوونیشی کردەوە، ئێستا پشووی پەرلەمان دەست پێدەکات و، دوای پشووەکە لە پەرلەماندا ڕاپۆرتەکە تاوتوێ دەکرێت و، دەنگی لەسەر دەدرێت.
بڵند ئیبراھیم




