بۆردوومانی مۆڵگەیەكی داعش كرا و زەبری كوشندەیان بەر كەوت

رۆژئاوای دیجلە-KDP.info- بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ مۆڵگەیەكی تیرۆریستانی داعش كرایە ئامانجی فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای هاوپەیمانان و خاپوور كرا، هەموو ئەو تیرۆریستانەیش كە لە شوێنی بۆردوومانەكە بوون، كوژران.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی مقەدەم (دڵشاد مەولوود) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەعات 6ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی (ئەبتەشە)، كە دەكەوێتە بەرانبەر دووڕێیانی ئاسكی مووسڵ لە میحوەری رۆژئاوای دیجلە، مۆڵگەیەكی تیرۆریستانی داعش، كە چەند تۆپ و هاوەنێكی لێ جێگیر كرابوو، كرایە ئامانجی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای هاوپەیمانان و خاپوور كرا، هەموو ئەو تیرۆریستانەی لە شوێنی بۆردوومانەكەیش بوون، كوژران.
مقەدەم (دڵشاد) گوتیشی: "بۆردوومانی ئەو مۆڵگەیە لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری و فەرماندە مەیدانییەكانی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی هات و بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكانیش، ئامانجە سەربازییەكە بە تەواوەتی پێكراوە و زیانێكی زۆر بەر تیرۆریستانی داعش كەوتووە".
پێوەست بە زیانی تیرۆریستانی داعشیشیش گوتی: "بە گوێرەی زانیارییەكان تا ئێستا تەرمی زۆرێك لەو تیرۆریستانەی بە هۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانەوە كوژراون، لە سنوورەكە ماونەتەوە و تیرۆریستانی داعش ناتوانن تەرمەكان ببەنەوە".
زیاتر گوتی: "هەموو جووڵەیەكی تیرۆریستانی داعش لە سنوورەكانی میحوەری رۆژئاوای دیجلە لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان كراونەتە ئامانج و زەبری كوشندە بەر داعش كەوتووە".




