٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گۆڕێكی دیكەی بەكۆمەڵی ئێزدییەكان دۆزرایەوە.. زیاتر لە 80 تەرمی تێدایە

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info- بەرپرسی كاروباری ئێزدییەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی پارێزگای دهۆك، دەڵێت، گۆڕێكی دیكەی بەكۆمەڵی ئێزدییەكان لە كەسكێ دۆزرایەوە كە زیاتر لە 80 تەرمی تێدایە و زۆربەشیان منداڵ و ئافرەتن، بەمەیش ژمارەی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی كوردانی ئێزدی بووە 11 گۆڕی بەكۆمەڵ.

(هادی دوبانی) بەرپرسی كاروباری ئێزدییەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی پارێزگای دهۆك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بەپێی دوائامار تا ئێستا لە كۆی نزیكەی 5 هەزار كوردی ئێزدی كە كەوتوونەتە دەست تیرۆریستانی داعش، 1789 ئێزدی ئازاد بوونە و 3200 كەسی دیكەیش لە ژێر چنگی تیرۆریستاندا ماونەتەوە، بەڵام بۆ ئازادبوونی ئەوانی دیكەیش هەوڵەكان بەردەوامن".
(دوبانی) گوتیشی: "تا ئێستا 11 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە و، دوێنێیش لە گوندی جەبعا كە دەكەوێتە ناوچەی كەسكێ، گۆڕێكی دیكە دۆزراوەتەوە كە تەرمی 80  كەسی تێدایە، 33 تەرمیان منداڵ و 30ـیان ئافرەت و ئەوانی دیكەیش پیاو بوون، بەپێی ئەو ئامار و داتایانە و بە گوتەی ئەو كەسانەی لە چنگی تیرۆریستان ڕزگاریان بووە، 9 گۆڕی دیكە ماون هەڵبدرێنەوە".
ئەو هەروەها زیاتر دەڵێ، تا ئێستا 18 شوێنی پیرۆزی ئێزدی، كە دەكەونە شنگال و باشیكەوە لە لایەن داعشەوە تەقێندراونەتەوە و ژمارەیەكی دیكەیش لە ژێر مەترسیدان.

رابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار