٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ماجید شنگالی: دەبێت عەبادی لەسەر بەفیڕۆدانی پارە بێتە دەنگ

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بودجەیەكی زۆری عێراق بە خەرجیی لابەلا بەفیڕۆ دەڕوات و، دەبێت لە ئاستی ئەو بەهەدەردانەدا لیژنەكانی پەرلەمان بەدواداچوون بكەن و سەرۆكوەزیرانیش بێتە دەنگ.

(د. ماجید شنگالی) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموركراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بودجەیەكی زۆری عێراق بەهەدەر دەڕوات، بە تایبەتی لە بابەتی خەرجیی گەشتی وەزیرەكان و پەرلەمانتاران و پارەی حەشدی شەعبی و خۆبەخشەكان، بەشێكی زۆری ئەو پارانەیش لە دەرەوەی پەرلەمان خەرج كراون، لە كاتێكدا دەبێت ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاگاداری ئەو خەرجیانە بێت و خۆ ناكرێت حكوومەتی عێراق نەوت ڕەوانە بكات و پارەی كاشی بۆ بێت و بەم شێوەیش پارە تەخشان و پەخشان بكرێت".

(شنگالی) گوتیشی: "دەبێت وردەكاریی سەرجەم ئەو خەرجیانەی لە گەشتی وەزیرەكان یان خۆبەخشەكان و میلیشیاكان خەرج دەكرێت، بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بگەڕێتەوە و لەوێوە دەنگی لەسەر بدرێت، چونكە عێراق ئەگەر بەم شێوەیە پارە خەرج بكات، تووشی كارەساتێكی گەورە دێت، لەلایەك بەهای نەوت دابەزیوە و لەلایەكی دیكەیشەوە عێراق لە شەڕی گەورەدایە لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا، بۆیە دەبێت وەزیری نەوت و سەرۆكوەزیرانی عێراق لەو بارەوە بێنە دەنگ".

كارزان هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار