قیرتاوكردنی شەقامەكانی هەولێر و دەوروبەری بەردەوامە

هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پڕۆژەی قیرتاوكردنی چەند شەقامێكی سەرەكیی پایتەخت، (نەوزاد هادی) پارێزگاری هەولێر، بە یاوەریی سەرۆكی بەشی هونەری لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری كارگەی قیری سەر بە شارەوانی و بەڕێوەبەرانی هەریەك لە شارەوانییەكانی چوار و پێنج و بەشێك لە ئەندازیارانی ڕێگاوبانی هەولێر، شەقامی مەخموور نێوانی (60مەتری و 100مەتری ـ سایدی دووەم)ـیان بەسەر كردەوە كە بە دوو چینی ستاپلایزەر و بایندەر قیرتاو دەكرێت و لە ماوەی 20 رۆژی داهاتوویشدا كۆتایی دێت.
دواتریش پڕۆژەی قیرتاوكردنی دەروازەی رێگای مووسڵیان بەسەر كردەوە كە لە فلكەی باز تاوەكو ژێر پردی چوارڕێیانی گوێڕ و سایدی هاتنەوە بە هەردوو چینی ستاپلایزەر و بایندەر بە درێژایی 5 كیلۆمەتر قیرتاو دەكرێت و لە ماوەی دوو مانگی دیكەدا كۆتایی پێ دێت و بە ڕووی هاووڵاتیاندا دەكرێتەوە.
پارێزگاری هەولێر سوپاسی تیمەكەی كرد كە زۆر چالاكانە لە هەوڵدان بۆ هەرچی زووتر تەواوكردنی ئەو پڕۆژانە و كردنەوەی رێگاكان بە ڕووی هاووڵاتیاندا، هەروەها لە نزیكیشەوە لەو گرفت و لەمپەرانەی كۆڵییەوە كە رۆژانە دێنە بەردەم تیمی پڕۆژەكە و بڕیاری چارەكردنیانی دا.
كەنعان بەهادین




