ئەڵمانیا لە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت

هەولێر-KDP.info- لە دیدارێكی كۆنسووڵی ئەڵمانیا و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستاندا، كۆنسووڵی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی لە هاوكاری و مەشقكردن بە هێزەكانی پێشمەگە بەردەوام دەبێت. بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەیش، ئاماژەی بە هاوكارییەكانی وڵاتی ئەڵمانیا كرد و گوتی، كورد ئەم شەڕە لەجیاتی جیهانی ئازاد دەكات و هاوكاریی هەر وڵاتێكیش، نیشانەی هەوڵدانە بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی لە جیهاندا.
ئەمڕۆ لە پیرمام، (هێمن هەورامی)ـی ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) و ژمارەیەك لە ئەندامی مەكتەب، لەگەڵ (دیتر لاملێ)ـی كۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستاندا كۆ بوونەوە.
وەك بەشێك لە كارە دیپلۆماسییەكانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك)، دیدار و دانیشتنی لەگەڵ كۆنسووڵ و نوێنەراییەتییەكانی جیهان لە هەرێمی كوردستاندا بەردەوامە، هەر لەم چوارچێوەیەیشدا دواپێشهاتەكانی ناوچەكە و عێراق و كوردستان و تێڕوانینی پارتی بۆ پێشهاتەكان گەیەندرایە كۆنسووڵی ئەڵمانیا، (هەورامی)ـیش بە ناوی سەركردایەتیی حیزبەوە سوپاسی هاوكارییە بەردەوامەكانی ئەڵمانیای كرد و، پێی وابوو ئەم شەڕەی كە كورد دەیكات، بە وەكالەتە بۆ جیهانی ئازاد، بۆیە هەر وڵاتێك هاوكار بێت بۆ سەركەوتنی ئەم شەڕە، نیشانەی هەوڵدانیەتی بۆ سەقامگیریی ئاشتی و ئازادی لە جیهاندا.
(دیتر لاملێ)ـی كۆنسووڵی ئەڵمانیا سوپاسی بەرپرسی پەیوەندییەكانی كرد لە بەرچاوڕوونییان سەبارەت بە دواپێشهاتەكان و هەڵسەنگاندنی بارودۆخەكە، هەروەها ئەوەیشی دووپات كردەوە كە وڵاتی ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە هاوكارییەكانی بۆ هێزی پێشمەرگە و گەلی كورد تا سەركەوتن، مەشقكردنیشی بە هێزەكانی پێشمەرگە و هاوكاریی سەربازی بۆیان، بە بەشێك لە ستراتیژییەتی وڵاتەكەی زانی.




