زانیارییە هەواڵگرییەکان هێواشتر لە چەکدارە بیانیەکان بۆ ناو داعش سنوورەکان دەبڕن

هەولێر -KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی (ئەسۆشێتدپرێس) ڕاستە جارێ هەر عێراق و، سووریا گیرۆدەی داعش بوونە، بەڵام مەترسییەکە وا خەریکە سنووری ئەو دوو وڵاتەیش دەبڕێ و، شوێنی دیکەیش دەگرێتەوە و، دەبێتە بەڵای گیانی هەموو جیهان.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دوێنێ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان کۆ بووەتەوە و، هەڕەشەکانی داعشیان تاوتوێ کردوە، لە کۆبونەوەکەدا (جیۆرگن ستۆک) سکرتێری گشتی ئینتەرپۆل ئاماژەی بە پشتگیرییەکانی ئەفەریقا و باشوری ئاسیا داوە، کە داعش لەوێوە خۆی بەهێز دەکات و ژمارەی چەکدارەکانی زیاتر دەکات و، بەوەش ژمارەی زیاتری چەکدارە بیانیەکان بۆلای خۆی ڕادەکێشێت.
هەروەها لە کۆبونەوەکەدا (بان کیمۆن) سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان گوتوویەتی، زۆربەی ئەوانەی کاریان لەسەر دەکرێت لەلایەن گروپە تیرۆریستیەکانەوە گەنجانن، وە گوتیشی نەتەوەیەکگرتوەکان کۆتایی ئەوساڵ بەرنامەیەکی کرداری بۆ وڵاتانی ئەندام پێشکەش دەکات بۆ ڕێگریکردن لە بەتوندڕەویی بوون و، توندوتیژی. چونکە هیچ وڵاتێک بەتەنیا ناتوانێت ڕووبەڕووی توندڕەویی و، گروپە تیرۆریستیەکان بێتەوە بەتەنیا.
لەکۆبونەوەکەدا کە (جی جۆنسن) سەرۆکی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکاش ئامادەیبوو، تیایدا ئاماژەیان لەسەر پێویستی توندوتۆڵکردنی سنوورەکان داوە بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە چیدی زیادبوونی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان و بەتایبەتیش داعش.
جۆنسن گوتی ئەمەریکا سیستەمێکی نوێیی پشکنینی گەشتیاران دادەمەزرێنێت، کە لە هەموو فڕۆکەخانەکان و، خاڵەکانی پشکنینی سنورەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبەردەستدا دەبێت تاوەکو بتوانن شیکاری خێرا و، ناسینەوە بۆ ئەو کەسانە بکەن کە گومانلێکراون و، دەچنە نێو گروپە تیرۆریستیەکانەوە.
شیاوی باسکردنە، کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش نیگەرانی نیشانداوە لەسەر هەماهەنگی نەکردن لەسەر گۆڕینەوە زانیارییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی چەکدارەکانی داعش. (ستۆک) گوتویەتی ڕێکخراوەکانی پۆلیسی نێودەوڵەتی دەبێت زیاتر هاوکاربن لە گۆڕینەوەی زانیارییەکان و، هەروەها وڵاتانیش دەبێت سنوورەکانیان توندتر بکەن بۆ ڕێگرتن لە بەرفراوانبونی گروپە توندڕەوەکان، هەروەها ئاماژەیشی بەوە داوە کە زانیاری دەزگا هەواڵگرییە نێودەوڵەتیەکان سنوورەکان دەبڕن بەڵام هێواشتر لە پەڕینەوەی چەکدارە بیانیەکان بۆ ناو داعش.
و/ خالید ئەحمەد




