٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەرێم و بیلاڕووسیا پرۆتۆکۆڵێکیان واژۆ کرد

سەرچاوە: KDP.info

بیلاڕووسیا -KDP.info- شاندێکى باڵاى حکوومەتى هەرێم بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی یادداشتنامەى لێکتێگەیشتنى نێوان هەردوو لا گەیشتنە بیلاڕووسیا و پرۆتۆکۆڵی یەکەم کۆبونەوەی لیژنەی هاوبەشیان واژۆ کرد؛ جێگرى سەرۆکوەزیرانى ئەو وڵاتەش ویستى وڵاتەکەى بۆ پتەوکردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ عێراق و هەرێم دووپات کردەوە و، ڕۆڵى هێزەکانى پێشمەرگەشى لە بەرپەرچدانەوەى داعش بەرز نرخاند.

چوارشەممەى ڕابرد شاندێکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و وڵاتی بیلاڕووسیا و جێبەجێکردنی ئەو یادداشتنامەى لێکتێگەیشتنەى نێوان هەردوو لا، کە لە میانی سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ هەولێر لەنێوانیاندا واژۆ کرابوو، گەیشتنە بیلاڕووسیا و لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتەدا کۆ بوونەوە.

شاندەکەى هەرێمى کوردستان کە بە سەرۆکایەتیى (ساماڵ سەردار) وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى، (فەلاح مستەفا) بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە و جێگرى سەرۆكى شاندەکە و لە ئەندامیەتى (د. یووسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و (ڕێبوار خەلیل) سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان، (تەها زەنگەنە) بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، (هیوا ئەفەندى) سەرۆکى فەرمانگەى تەکنەلۆژیاى زانیارى، (ئەژى عەبدولقادر) ڕاوێژکارى جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران و (تۆفیق ڕەحمان)، بەڕێوەبەرى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێکهات بوون، لەلایەن (ڤلادیمێر مەکێ) وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتە و چەند بەرپرسێکى دیکەوە پیشوازییان لێ کرا و، پاشان کۆبونەوەى حکوومەتی بیلاڕووسیا و هەرێمى کوردستان بە سەرپەرشتیی (ڤالێنتین ڕیباکۆڤ) جێگرى وەزیرى دەرەوە و (ساماڵ سەردار) ئەنجامدرا، بە مەبەستى واژۆکردنى پرۆتۆکۆلێك بۆ هاریکارى و هەماهەنگى و ئاڵوگۆڕکردنى ئەزموون و شارەزایى لە بوارەکانى پیشەسازى و کشتوکاڵ و بازرگانى و خوێندنى باڵا و تەکنەلۆژیاى زانیارى و گەشتوگوزار و ژوورەکانى بازرگانى و پەرەپێدانى پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا.

هەر لەو سەردانەدا (میخائیل ڕووس) جێگرى سەرۆکوەزیرانى بیلاڕووسیا لە تەلاری ئەنجوومەنى وەزیران لە میانى پێشوازیکردن و لە کۆبوونەوەى لەگەڵ شاندەکەى هەرێم دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەى دەیەوێت پەیوەندییەکانى لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان بە تایبەتی پەرە پێ بدات و ڕۆڵى هێزەکانى پێشمەرگەشى بەرز نرخاند لە شەڕی داعشدا و پشتگیریى خۆی بۆ گەلی کورد و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی.

(ساماڵ سەردار)یش سڵاوی گەلی کوردستان گەیاندە حکوومەتی بیلاڕووسیا و سوپاسی کردن بۆ هاوکاری و پاڵپشتیکردنی گەلی کورد و حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ هەمان ڕۆژ شاندی حکوومەتی هەرێم، سەردانی کۆمپانیای گەورەی وەبەرهێنانی ئۆتۆمبێلی (ماز)ی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو کۆمپانیایەدا کۆ بووەوە.

لەو سەردانەدا شاندى هەرێم لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی بیلاڕووسیا کۆبوونەوە و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئاژانسی نیشتمانیی وەبەرهێنانی کۆماری بیلاڕووسیا کۆبووەوە و باس لە کاری هاوبەش و چۆنیەتی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی هەردوو لا کرا.

هەروەک شاندەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کۆمپانیا گەورەکانی بواری تەکنەلۆژیای زانیاریی ئەو وڵاتە لەگەڵ دامەزراوەی باڵای تەکنەلۆژیای بیلاڕووسیا کۆبوونەوە کە تێیدا پوختەیەک لە ئەزموونی کارى کۆمپانیا سەرکەوتووەکانیان پێشکەشکرا، لاى خۆشیەوە سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکوومەتی هەرێم دیدگا و پلانی حکوومەتی پێ گەیاندن، خواستی حکوومەتی نیشاندا بۆ ئالوگۆڕی زانیاری و هاریکاری.

لەلایەکى دیکەوە، شاندی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵای بیلاڕووسیا سەرۆکی چەند زانکۆیەكى ئەو وڵاتە کۆبوویەوە وەزیرانى خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم و پەروەردە و خوێندنی باڵای بیلاڕووسیا گفتوگۆیان لەبارەی  چۆنیەتیی هاریکاری و هاوکاری یەکترکرد و باس لە ستراتیژ و پلانی هەردوو وەزارەتیش کرا لەگەڵ هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ سوودوەرگرتن لە شارەزایی و تواناکانیان و بڕیاریش درا یادداشتنامەی لێکتێگەشتن لە نێوان هەردوو لا واژۆ بکرێت.

لە ئاخر ڕۆژى سەردانەکەیشدا، لە باڵاخانەى وەزارەتی دەرەوەى بیلاڕووسیا پرۆتۆکۆڵی یەکەم کۆبونەوەی لیژنەی هاوبەش لەلایەن (ڤالێنتین ڕیباکۆڤ) جێگرى وەزیرى دەرەوە و (ساماڵ سەردار) سەرۆکى شاندى باڵاى هەرێم واژۆ کرا.

بە گشتی لەسەرجەم کۆبوونەوەکاندا جەخت لەسەر گرینگیی پەیوەندی حکوومەتی هەرێم و کۆماری بیلاڕووسیا کراو، حکوومەتی بیلاڕووسیا پەرۆشیی خۆیان بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، لە بەرامبەردا شاندى هەرێم سوپاسى ئەو پێشوازییە گەرمەى لایەنی بیلاڕووسیایان کرد و جەختیان لەسەر پابەندبوونى هەرێم کردەوە بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکانیانو دانانى نەخشە ڕێگایەک بۆ زیاتر لەیەکتر نزیکردنەوەى دامەزراوەکانى نێوان هەردوو لا لەپێناو گۆڕینەوەى ئەزموون و شارەزایى بەتایبەت لە بوارەکانى پیشەسازى و کشتوکاڵ و بازرگانى و خوێندنى باڵا و تەکنەلۆژیاى زانیارى و گەشتوگوزار و ژوورەکانى بازرگانى.

هەواڵی پەیوەندیدار