7 فڕۆكه كڕدراون.. لە کەمتر لە ساڵێکدا زیاتر لە 8 ملیار دینار بۆ شەھید و بریندارانی شەڕی داعش خەرج کراوە

ھەولێر-KDP.info- وهزارهتی پێشمهرگه دهڵێ، (7) فڕۆکەی تایبەت کڕدراون بۆ ئەو پێشمەرگە بریندارانەی کە پێویست دەکات رەوانەی دەرەوەی ھەرێم بکرێن بۆ چارەسەرکردن، دهیشڵێن، تەنیا لە (2014/7/15 تا 2015/5/27)، بڕی (8) ملیار و (250) ملیۆن دینار بۆ ھاوکاریکردنی بنەماڵەی شەھیدان و چارەسەرکردنی پێشمەرگە بریندارەکان خەرج کراوە.
بەپێی راگەیندراوێکی پەرلەمانی کوردستان کە کۆپیێکی دەست ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان گەیشتووە، تێیدا ھاتووە، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی ھێزی پێشمەرگە و شەھید و بریندارانی شەڕی داعش، ئەمڕۆ 2015/5/28 لیژنەی کاروباری پێشمەرگە و شەھیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی( ئاری محەمەد ھەرسین) سەرۆکی لیژنە و ئامادەبوونی بڕیاردەر و ژمارەیەک لە ئەندامانی لیژنەکە، لە ھۆڵی لیژنە لە تەلاری پەرلەمان، لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە کۆ بوونهوە، کە پێکھاتبوو لە جێگری سەرۆکئەرکانی پێشمەرگە و بەڕێوەبەری پزیشکی گشتی و بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری.
لە راگەیندراوەکەدا ھاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا لەلایەن لیژنەی کاروباری پێشمەرگە و شەھیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی، سەرجەم ناڕەزایی و داواکاریی بنەماڵەی شەھیدان و برینداران گەیەنرایە لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.
لە بەرامبەردا بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە رایانگەیاند کە ھاوکاریکردنی بنەماڵەی شەھیدان کراوە و بەردەوامیشە، ئەمە جگە لەوەی بریندارەکان لە نەخۆشخانە گشتی و تایبەتەکانی پارێزگاکانی ھەرێم چارەسەریان بۆ دەکرێت.
ئاماژە بەوەش دراوە، ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، رایانگەیاند کە (7) فڕۆکەی تایبەت کڕدراون بۆ ئەو پێشمەرگە بریندارانەی کە پێویست دەکات رەوانەی دەرەوەی ھەرێم بکرێن بۆ چارەسەرکردن، ئاماژەشیان بەوەدا کە تەنیا لە (2014/7/15 تا 2015/5/27)، بڕی (8) ملیار و (250) ملیۆن دینار بۆ ھاوکاریکردنی بنەماڵەی شەھیدان و چارەسەرکردنی پێشمەرگە بریندارەکان خەرج کراوە.
له كۆتاییدا راگەیهندراوە كه، لە سەرەتای شەڕی تیرۆریستانی داعشەوە، ئەو پێشمەرگە بریندارانەی پێویستییان بە چارەسەرکردن ھەبووە لە دەرەوەی ھەرێم بۆ ئەم وڵاتانە رەوانە کراون، (لوبنان، ئیسپانیا، تورکیا، ئێران، ئەردەن، رووسیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیمارات، چین، ھیندستان)، لەم وڵاتانەش ئوردن نەخۆشخانەیەکی گەورەی پێشکەوتووی گەڕۆکی رەوانەی ھەرێمی کوردستان کردووە بە پزیشکی تایبەتمەندی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان.
بڵند ئیبراھیم




