بە زۆرینەی دەنگ، پەرلەمان پارێزگاری مووسڵی لەسەر كار لادا

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە بیانووی كەمتەرخەمی لە كەوتنی مووسڵ، بە زۆرینەی دەنگ پارێزگاری مووسڵ لە پۆستەكەی لادرا.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان (عەرەفات كەرەم) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، پەرلەمانتارانی شیعە واژۆیان كۆ كردبووە بۆ ئەوەی پارێزگاری مووسڵ لەسەر كار لابدرێت و، ئەمڕۆیش خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ لەسەر كار لابرا.
(عەرەفات) گوتیشی، لەسەركارلادانی پارێزگاری مووسڵ نایاساییە و دەرهاویشتەی گرفتێكی سیاسییە، ئەمەیش پێشینەیەكی خراپە بۆ عێراق لەبەر ئەوەی كاری ئەنجوومەنی پارێزگایە پارێزگا لابدات نەك پەرلەمان.
ئەوەیشی خستە ڕوو، "بڕوا ناكەم ئەو كارە سەركەوتوو بێت، چونكە پارێزگار دەتوانێ لە دادگا تانە لەو بڕیارە بدات بۆ ئەوەی لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە".
بڵندئیبراھیم




