لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور دەست بە گفتوگۆ دەكەن.. كێشە لەبارەی دەستەی سەرۆكایەتییەوە نییە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور دەڵێت، ئەمڕۆ پەیڕەوی ناوخۆی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور پەسەند كرا و، بڕیارە هەفتەی داهاتوویش لیژنەكەیان گفتوگۆكانیان لەبارەی ئامادەكردنی دەستوورەوە دەست پێبكەن.
ئەندامی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور (عەبدولحەكیم خەسرۆ) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور كۆ بووەوە و تێیدا پەیڕەوی ناوخۆی لیژنەكەیان پەسەند كرد، بۆ ئەوەی لەبارەی ئامادەكردنی پڕۆژەدەستووری هەرێمی كوردستانەوە دەست بە گفتوگۆكانیان بكەن.
(عەبدولحەكیم) گوتیشی، هەفتەی داهاتوو لیژنەكە كۆبوونەوەكانیان دەست پێدەكەن و كۆبوونەوەكانیش بەردەوام دەبن تاوەكو دەستوور بۆ راپرسی ئامادە دەكەن.
ئەوەیشی خستە ڕوو، هیچ كێشەیەك لەبارەی دەستەی سەرۆكایەتیی لیژنەكەوە نییە و سەرۆكایەتی لیژنەكە بە شێوەیەكی دەوری و بە رێككەوتنی نێوان لایەنەكان دەبێت.
بڵند ئیبراهیم




