٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بەغدا لە هاوكاریكردنی ئاوارەكان كەمتەرخەمە و ئەركەكە لەسەر شانی هەرێمە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-(د. دیندار زێباری) ئاماژە بەوە دەدات، هەرێمی كوردستان لە بارێكی قورسدایە، چونكە ڕێژەیەكی زۆری ئاوارەی وەرگرتووە و كۆمەڵگای نێودەوڵەتییش ئەو توانایەی نییە هاوكاریی هەموو ئاوارەكان بكات.

بەرپرسی وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (د. دیندار زێباری) لە لێدوانێكدا بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموركراتی كوردستانی گوت: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی ئەو پرەنسیپە نێودەوڵەتیانەی هەیە، مامەڵەی لەگەڵ كەیسی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستاندا كردووە و، ئەو سیاسەتەی هەمانە هاوبەشە لەگەڵ سیاسەتی "یوئێن"، سیاسەتی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانیش، بریتیە لە پابەندبوون بە ڕێنماییە نێودەوڵەتییەكان".

(زێباری) گوتیشی: "ئێمە لە قۆناخێكی مەترسیدار و قەیراناویداین) چونكە ژمارەی ئاوارەكان گەییشتووەتە ئاستێك لە توانای حكوومەتدا نەماوە وەك پێویست یارمەتییان بدات، پێشتریش حكوومەت لە توانایدا نەبوو ئەو ئاوارانە وەربگرێت، بەڵام ئێمە بۆ ئەوەی ژیانی خەڵك ڕزگار بكەین، ئاوارەكانمان حەواندەوە".

بەرپرسی وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئاماژەیشی دا: "ئێستایش بۆ ئاوارەكانی ئەنبار دەرگامان كراوەیە و هیچ كاتێك دەرگامان دانەخستووە، ئێمە گوتوومانە توانای دروستكردنی كەمپمان نییە و ناتوانین پێداویستییەكان دابین بكەین، بۆیە دەبێ بەغدا ئەو بەرپرسیارەتییە هەڵبگرێت و كەمتەرخەمی نەكات و یارمەتیی ئەو ئاوارانە بدات".
ئەوەیشی خستە ڕوو: "لایەنی نێودەوڵەتی لە توانایدا نییە هاوكاریی ئەو ئاوارانە بكات، بەغدایش بەرپرسیارەتی هەڵناگرێت كە ئەمەیش گرفتێكی گەورەیە".
كارزان هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار