د. تاریق گەردی: پەرلەمانی عێراق بووەتە شوێنی شەڕەبۆكس و تاقیكردنەوەی هێز

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕەخنە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەگرێت بەوەی بووەتە شوێنی شەڕەبۆكس و تاقیكردنەوەی هێز.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. تاریق گەردی) لە لێدوانێكدا بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموركراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ شەڕێكی قورس لەناو هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا ڕووی دا، ئەمەیش لە ئەنجامی پێشنیازكردنی بڕیارێك بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە پارێزگاری مووسڵ (ئەسیل نوجێفی) بوو كە بەشێك لە پەرلەمانتاران پێیان یاسایی نەبوو ڕاستەوخۆ متمانەی لێ وەربگیرێتەوە بەر لەوەی كە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت، بۆیە شەڕ و پێكدادان لە نێوان ئەندامانی سوننە لە پەرلەمان دروست بوو، چونكە بەشێكیان بە لایەنگری (مالیكی) دادەنرێن".
(گەردی) گوتیشی: "پەرلەمانتار (ئەحمەد جبووری) هێرشی كردە سەر (تالیب ئەحمەد)ـی پەرلەمانتار و زۆریان لە یەكتری دا، لە كاتێكدا لە كۆبوونەوەی دوێنێش دەموددانی (كازم سەیادی) شكێندرا و شەڕەبۆكس لە پەرلەمان دروست بوو، ئەمەیش وای كرد كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوا بخرێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەیشی دا: "بەداخەوە ئێستا پەرلەمان بووەتە شوێنی "عەنتەریاتی" هێز بە تایبەتی لایەنگرانی (مالیكی) ڕەوشی پەرلەمانیان ئاڵۆز كردووە".
كارزان هەورامی




