پڕۆفیسۆر بای: حكوومەتی كوردستان پێشكەوتووە و لە ناوچەكەدا وێنەیەكی بەرزی دیموكراسیی هەیە

سیئۆل-KDP.info- پڕۆفیسۆر (پارك كیونگ بای) كە راوێژكارێكی باڵای حكوومەتیشە بۆ پێوەندیی دیپلۆماتی و حكوومەتی ئەلیكترۆنی، رایگەیاند كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا پێشكەوتووە و وێنەیەكی بەرزی دیموكراسیی هەیە. هەروەها گەشبین بوو كە لە داهاتوودا حكوومەتی هەرێم دەبێتە خاوەنی حكوومەتێكی ئەلیكترۆنیی پێشكەوتوو لە ناوچەكەدا.
كۆریای باشوور لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە روویان كردە هەرێمی كوردستان و لە چەندین بواردا وێنەی كاركردنیان بۆ پێشكەشكردنی كۆمەك و هاوكاری بە هەرێمەوە دیارە. پێوەندیی كۆریای باشوور و هەرێمی كوردستان لە رووی پێوەندیی دیپلۆماتییەوە، لە ئاستێكی زۆر باشدایە و لە ئێستایشدا لە رێگەی ئاژانسی كۆیكای كۆریاییەوە ساڵانە كۆریای باشوور مەشق و راهێنان بە كادیرەکانی حكوومەتی هەرێم دەكەن تا لەسەرجەم سێکتەرە جیاوەزاکاندا بتواندرێت سوود لە ئەزموونی حكوومەتی كۆریای باشوور وەربگیردرێت.
پڕۆفیسۆر (پارك كیۆنگ بای) كە لە بواری حكوومەتی ئەلیكترۆنی و دیپلۆماتیكدا لە سەنتەری فەرمیی مەشق و راهینانی حكوومەتی كۆریای باشوور وانەبێژە و هەروەها راوێژكاری حكوومەتیشە بۆ پێوەندیی حكوومەتی ئەلیكترۆنی و دیپلۆماتی، لە پرەزەنتەیشنێكی ٣ كاتژمێریدا لە سیئۆلی پایتەختی كۆریای باشوور، لە بابەت حكوومەتی ئەلیكترۆنی و پێشكەوتنی كۆریادا لە چەندین پەیڤدا ئاماژەی بە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان و داهاتووی كورد كرد.
لە دەسپێكدا باسی رێزگرتنی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە ئەو كاتەی كۆریاییەكان لە هەرێم بوون، كورد زۆر بە چاوێكی رێزەوە سەیری كردوون، هەروەها باسی سیستەمی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستانی كرد كە پێشكەوتووە و دیموكراسییە و مۆدێلێكی بەرزی ناوچەكەیە.
كۆریای باشوور ژمارەی دانیشتووانی ٥١ ملیۆن كەسە و پەرلەمانی ئەو وڵاتە ٣٠٠ ئەندامی هەیە و حكوومەت لە ٤٤ وەزارەت پێك هاتووە.
پڕۆفیسۆر (بای) دەڵێ، حكوومەتی هەرێم لە رێگەی وەزارەتی پلاندانانەوە كە ئەو ئاشنایە بە كارەكانی ئەو وەزارەتە، وەزارەتی پلاندانانی هەرێم پلانی سەركەوتووی داناوە بۆ پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان لە رووی گەشەكردنی ئابووری و پڕۆژەكان و ژێرخانی ئابووری و گەلێك بورای دیكە، هەروەك باسی كرد كە، حكوومەتی هەرێم لە هەوڵدایە كە بە زوویی پێشكەوتنی زیاتر و بەرچاوتر بەدەست بهێنێت.
سیستەمی كاركردنی حكوومەت، دیموكراسی و پێشكەوتنی ئابوورییە، وەك پڕۆفیسۆر (بای) ئاماژەی دا، دوای ساڵی ١٩٩٧ و ١٩٩٨ پێشكەوتنی بەرچاو لەو وڵاتەدا دەستی پێكرد، چونكە خەڵك هاندەرێكی سەرەكیی ئەو پێشكەوتنە بوون.
سەبارەت بە پێشكەوتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەروەها كاركردن بە حكوومەتی ئەلیكترۆنی و پێشكەوتنی ئابووری، ئەو پڕۆفیسۆرە گەشبین بوو كە لە داهاتوودا حكوومەتی هەرێمی كوردستان وێنەیەكی بەرزی پێشكەوتووی ناوچەكە دەبێت.
لەبارەی پێوەندیی نێوان هەرێی كوردستان و كۆریای باشوور، پڕۆفیسۆر (بای) دەڵێ، "لە ئاستی دیپلۆماتیدا هەرێمی كوردستان لە كۆریادا ناسێندراوە و كاریش دەكرێت كە لە ئاست پێوەندیی دانیشتووانیشەوە زیاتر وڵاتەكەمان ئاشنا بێت بە هەرێمی كوردستان".
گرووپی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە ١٩ كەس پێك هاتوون و لە سەردانێكی فەرمیی ئاژانسی كۆیكادا لە كۆریای باشوورن، سەرۆكی ئەو گرووپە (هێرش خەلیل) لە سیئۆل بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "وانەیەكی جوان لە بارەی پێوەندیی حكوومەت و خەڵك لە كۆریادا فێر بووین، ئەویش لە ساڵی ١٩٩٧ و ١٩٩٨ لەو كاتەی كۆریا كەوتە قەیرانەوە، خەڵكی لێرە زێڕەكانیان لە دەست كردەوە و پێشكەشی حكوومەتیان كرد تا حكوومەت تووشی شكست نەبێت و ئیدی لە ئێستایشدا دەبنین دوای ١٥ ساڵ كۆریا لە ئاست وڵاتانی جیهاندا بە وڵاتێكی پێشكەوتوو و ئابووری دەناسرێت، بۆیە گرینگە كە خەڵكی كوردستان كە ئێستا لە شەڕی دژ بە داعشداین، زۆر هاوكاری هەرێم بن، چونكە ئێمە لە جیاتی جیهان شەڕی تیرۆر دەكەین و حكوومەتی هەرێم شایەنی پێشكەشكردنی بەرزترین هاوكارییە، تا لەداهاتوودا وەك كۆریای باشوور ببین بە ژمارەیەكی بەرز لە جیهانی ئابووریی ناوچەكەدا".
شاو كوردی-سیئۆل




